لە بازیان حکومەت بە فڕۆکە بەدوای شێرێکدا دەگەڕێت

19-10-2020
سیروان عەباس
نیشانەکردن شێر بازیان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنووری ناحیەی بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، شێرێک بینراوە و هێزە ئەمنییەکانیش  بە فڕۆکە بەدوایدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیدۆزنەوە و لە ناوچەکە دووری بخەنەوە.
 
ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خێزانێک لە گوندی چاڵەڕەشی نزیک بەردەقارەمان لە ناحیەی بازیان، شێرێکی نێریان لە نزیکەوە بینیوە، ئەمەش ترس و دڵەراوکێی لەلای خەڵکەکە دروستکردووە، بۆیە پۆلیسیان ئاگادارکردووەتەوە.
 
ئەو شوێنەی شێرەکەی تێدا بینراوە، ئاوەدانییە، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان دەڵێت: "چەند خانەوادەیەک ماڵەکانیان چۆڵکردووە و شوێنی مەڕو ماڵاتیان گواستووەتەوە، بۆیە ئێستا هێزە ئەمنیەکان بە فڕۆکە بەدوایدا دەگەڕێن، ئەگەر بدۆزرێتەوە، دەیگوازینەوە بۆ شوێنێکی دوورەدەست".
 
بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی ناوچەکەیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە هەر کەسێک تەقە لەو شێرە بکات یان زیانی پێبگەیەنێت دەستگیر دەکرێت و دەدرێتە دادگا.
 
ئیسماعیل ئەحمەد دەڵێت تاوەکو ئێستا شێر لەو سنوورە نەبینراوە، بۆیە گومان دەکات لەناوچەیەکی دیکەوە هاتبێت، یان لە باخچەی ئاژەڵان و ماڵانەوە هەڵاتبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە