مەسرور بارزانی بۆ مامۆستایانی ناڕازی: مووچە قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە

19-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
گوتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی کوردستان -هەولێر.
گوتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی کوردستان -هەولێر.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە مامۆستایان دەکات هەفتەی داهاتوو بگەڕێنەوە پۆلەکانی خوێندن و دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە. دەشڵێت، "ئەو مووچانەی دواکەوتوون قەرەبوودەکرێنەوە. بەڵام خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی کوردستان-هەولێر گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە دۆخی مامۆستایان و دەوامی قوتابخانە کرد. 
 
مەسرور بارزانی گوتی، مامۆستا هەقی خۆیەتی مووچەکانیان لە سەری مانگدا بۆیان دابینبکرێت، بەڵام "حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە بۆ دواخستنی مووچەی مامۆستایان و چینی مامۆستایان تەنیا نین لەوەی کە مووچەکانیان دواکەوتووە. هەموو بەشەکانی تریش. هەموو فەرمانبەرانی تری حکومەت بەداخەوە مووچەکانیان دواکەوتووە. هەموو هەوڵێکمان داوە و بەردەوامیش دەبین کە مافی مامۆستایان و هیچ فەرمانبەرێکی تری هەرێمی کوردستان نەفەوتێت. کاری باشیشمان کردووە و هەنگاوی باشیشمان هاوێشتووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەربکرێت."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مامۆستایان دڵنیا دەکاتەوە کە "حکومەتی هەرێم پابەندە بەوەی نەهێڵێ مافی مامۆستا بفەوتێ. ئەو مووچانەی دواکەوتوون قەرەبوودەکرێنەوە، بەڵام خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە. ئەو قوتابییانەی ئەو ماوەیە هەمووی بێبەشبوون و نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە، چۆن قەرەبووی ئەو خوێندنە دەکرێتەوە؟"
 
مەسرور بارزانی داوایەکی پێشکێشی مامۆستایان کرد و گوتی: "داوام لە مامۆستایانی خۆشەویست هەیە، کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان و نەیەڵن منداڵانی ئێمە، قوتابییانی خۆشەویست بێبەش بن لە خوێندن، با پرۆسەی خوێندن جارێکی دیکە دەستپێبکاتەوە. لێرەوە سوپاسیان دەکەم و هیوادارم ئەرکی مامۆستایەتی و بەرپرسیارێتیی هاونیشتمانێتیی خۆیان بەجێبگەیێنن و لە خزمەتی گەل و وڵاتەکەیاندا بن و رێنیشاندەری ئەو قوتابییانە بن کە ئێمە نەتەوەیەکی خۆڕاگرین و هەرچیمان بەسەربێ، نایەڵین پرۆسەی خوێندن بوەستێت." 
 
ئالان حەمەد سەعید، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا رۆژی پێنجشەممە 19-10-2023 بۆ مامۆستایان دەڵێت، "لەبەر بەرژوەندی گشتی و پارێزگاری لە ساڵی خوێندنیی 2023-2024 لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەرین و قەزای کۆیە بڕیارماندا دەبێت رۆژی یەکشەممە 22ـی 10-2023 دەستەی کارگێری ناوەندەکانی خوێندنی (بەڕێوەبەر، یاریدەدەر) و مامۆستایان لە سنووری ئاماژەپێکراو پابەندبن بە دەوامکردن دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە."
 
هەر لەوبارەوە، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزیر قسەی لەگەڵ کردووم و داوادەکات بگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام من نوێنەری 36 هەزار مامۆستای وانەبێژم، نەک تەنیا خۆم، ئەوانیش ئامادەنین بگەڕێنەوە هۆڵەکان و 10 ساڵە دەخەڵەتێندرێن، لە بابەتی شەڕی داعش، ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی، ئەوانەش چیدی بڕوا بە وانەبێژان ناهێنێت بگەڕێنەوە ناوەندەکان."
 
نەبەرد ئەحمەد، نوێنەرێکی مامۆستای میلاک کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە گەرمیان تەنیا بەشێکی پۆلی 12 دەستیپێکردووە و بڕیارە رۆژی یەکشەممە خۆپێشاندانێکی فراوان بکەین و بڕیاری گەڕانەوەمان نەداوە چونکە هیچ یەکێک لە داواکارییەکانمان نەک جێبەجێ نەکراوە بەڵکو کەس بەدەمانەوە نەهاتووە."
 
13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە. وانەبێژان داوای گرێبەست و بەشێکیان هەمیشەیی دەکەن و مامۆستایانی میلاک و فەرمانبەرانیش داوای مووچەی مانگەکانی هەشت، نۆ و 10 دەکەن.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە