رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەڵێت، "15 ساڵە باشووری کوردستان پاڵپشتی تەواوی رۆژئاوای کوردستانە، هێزە سیاسییەکان و سەرۆک بارزانی پاڵپشتییەکی زۆریان بۆ سەرخستنی پێڤاژۆی ئاشتی لە باکوور و سەرخستنی دیالۆگ لە رۆژئاڤا کردووە."
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک باسی چەندین پرسی پەیوەست بە کوردستان و ناوچەکەی کرد.
"ئەگەر لە شەڕیش سەرکەویت، هەر دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ دیالۆگ"
مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، "ئاشتی و ئارامی بۆ رۆژهەڵاتی ناوین زۆر پێویستە، من کەیف خۆشم کە لە دهۆک لەبارەی ئەو مژارەوە بۆچوونی خۆم بڵێم، هیوادارم ئەنجامی ئەم کۆڕبەندە هاوکار بێت بۆ ئاشتەوایی لە تەواوی ناوچەکە."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، باسی دۆخی سووریای کرد و گوتی، "ماوەیەکی زۆر درێژە لەنێو شەڕداین، باش ئەوەمان بینی کە کۆتایی هەموو شەڕێک دیالۆگە، سەریش بکەویت هەر دەبێت دیالۆگ بکەیت، ئەوەمان بە روونی لە سووریا بینی. هۆی کەوتنی ئەسەد ئەوە بوو کە دیالۆگی رەتدەکردەوە و پێداگریی لەسەر سیستمی ناوەندی دەکردەوە، لەبەر ئەوە شۆڕش هەڵگیرسا و لەنێوچوو."
گوتیشی، "لە سەرەتاوە دژی شەڕ بووین، تاوەکو بەسەرماندا نەسەپێندرا ئێمە شەڕمان نەخواست، ئەمڕۆش لەبەر ئەوەی بۆ چارەسەر پێویستمان بە شەڕ نییە، دیالۆگمان هەڵبژاردووە، ئەمە بۆچوونی ئێمە و گەلی سووریاشە."
"رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق رێی لە شەڕێکی دژوار گرت"
عەبدی باسی سووریای دوای کەوتنی بەشار ئەسەد دەکات و دەڵێت، "کاتێک رژێمی ئەسەد کەوت، ئێمە و دۆستانمان لە فەرەنسا و ئەمریکا هەوڵمان دا هەموو پرسەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، ئێمە هەوڵی خۆمان دا و تاوەکو رادەیەکیش سەرکەوتین، ئەمڕۆش کۆبوونەوە و دیدار لە سووریا هەیە و هیوادارین بە پاڵپشتیی دۆستانمان ئەم پێڤاژۆیە سەربخەین."
سەبارەت بە رێککەوتنی 10ی ئادار لەنێوان دیمەشق و رۆژئاوای کوردستان، عەبدی باسی لەوە کرد، "رێککەوتنی 10ی ئادار کە لەنێوان ئێمە و بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریادا کراوە، رێی لە زۆر شت گرت، پێش هەموویان ئەوە بوو کە ئێمە لەنێو شەڕێکی دژواردا بووین و رێی لەوە گرت، رێی لە مەترسیی پارچەبوونی سووریا گرت، لە سووریا زمانێکی زبر هەبوو، رۆحیەتی تۆڵە هەبوو، رێی لەوانە گرت."
"بۆ یەکەمجار لە سووریا باسی چارەسەری کێشەی کورد کرا"
فەرماندەی هەسەدە دەڵێت، "ئەوە 100 ساڵە کە دەوڵەتی سووریا هەیە، نکۆڵی لە کێشەی کورد دەکرێت، لەو رێککەوتنەدا بۆ یەکەمجار باسی ئەوە کرا کە پێویستە مافەکانی کورد بەگوێرەی دەستوور دەستەبەر بکرێن، نەک تەنیا مافی کورد، مافی هەموو نەتەوەکانی دیکە و بەو جۆرەش سووریای نوێ بونیاد بنرێتەوە."
مەزڵووم عەبدی دان بە بوونی کێشەدا دەنێت لە سووریا و دەشڵێت، "ئێمە دەزانین و نکۆڵی ناکەین کە زۆر کێشە هەن. ئەم پێڤاژۆیەی باسی دەکەین بەربەستی لەپێشە، ئەمەش هەندێک هۆکاری هەن؛ پێش هەموویان ئێمە کێشەی متمانەمان لەنێوان هەردوولادا هەیە، لای ئێمەشەوە و لای حکومەتی شام-یشەوە، هەندێک کار کە بە پێچەوانەی رێککەوتنی 10ی ئادارەوە دەکرێت، بێ متمانەیی دروست دەکات."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، چەند نموونەیەکی هێنایەوە کە بەڵگەن بۆ جیاوازیی لەنێو پێکهاتە و نەتەوەکانی سووریا و گوتی، "ئاوارەکانی عەفرین، سەرێکانێ و گرێسپی کە نەگەڕاونەتەوە، گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کە گەمارۆ دراون، زۆر کارئاسانی بۆ خوێندکارانی ئاوارە کرا و لای ئێمە جێبەجێ نەکرا، ئەمانە هەموویان ئاستەنگ و مەترسین."
"داوا لە شام دەکەین ئەوانیش دەستپێشخەربن"
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، "ئێمە دەزانین ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز هەبێت، دەبێت رێککەوتنەکە [رێککەوتنی 10ی ئادار لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع] جێبەجێ بکرێت، ئێمە وەکو هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەکو هێزێکی سیاسی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و وەکو کورد لە رۆژئاوا، خاوەن ئیرادەی سیاسین و داوا لە حکومەتی شام دەکەین ئەوانیش دەستپێشخەربن و بتوانن هەنگاو بنێن."
هەروەها عەبدی داوا لە وڵاتانی دراوسێ و پەیوەندیدار بە دۆخی سووریاش دەكات، رۆڵی ئەرێنییان هەبێت و پشتگیری لە سەرخستنی ئەو رێککەوتنە بکەن.
مەزڵووم عەبدی بۆ تورکیا و وڵاتان: ئێمە بە مەترسی مەبینن
فەرماندەی هەسەدە دەڵێت، "ئێستا سووریایەکی نوێ دروست دەبێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بۆئەوەی دەرفەتێک بە سووریا بدەن پەڕەیەکی نوێیان هەڵداوەتەوە و زۆر شتیان پشتگوێ خستووە، دەیانەوێت هەلێک بدەن بۆئەوەی سووریا بکەوێتەوە سەر پێی خۆی، ئێمە هەمان شت و هەمان نزیکبوونەوە بۆ هێزی خۆمان دەخوازین، بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاڤاش دەخوازین، وەکو چۆن بەشێکین لە سووریا، ئەوەش بۆ ئێمە پێویستە."
لەبارەی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەند گرووپێکی چەکدار ماوەیەکی کەم دوای کەوتنی ئەسەد، عەبدی گوتی، "ئێمە هەرگیز هێرشمان نەکردووە، تەنیا بەرگریمان لە خۆمان کردووە، هەرگیز مەترسیمان دروست نەکردووە، مەترسی نین و ناشبین، داوا لە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی تورکیا دەکەین کە بوونی هێزەکانمان لە چوارچێوەی سووریادا بە مەترسی بۆسەر خۆیان نەزانن، بەپێچەوانەوە دەیڵێین، بوونی ئێمە لەنێو سووریادا بۆ وڵاتانی دراوسێ دەبێتە مایەی ئارامی."
بە گوتەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لەڕووی ئەمنیەت و ئاسایشەوە لە سووریا پێشکەوتن هەبووە و لانیکەم گەیشتوون بە رێککەوتنێک، "هەرچەندە وردەکاری ماون، بەڵام دەکرێت زیاتر بەرەو پێشەوە ببرێت."
گوتیشی، "بەڵام لە مژاری ئیداری و دەستوور رێککەوتن نەکراوە و تەنیا دیالۆگ هەیە، بەتایبەت لەبارەی ناوەندی و ناناوەندی سووریا کە یەکلایی نەبووەتەوە، بوونی ئێمە لە حکومەت و پەرلەمانی سووریا، چەند و چۆنە؛ ئەمانە پێویستیان بە گفتوگۆیە."
"نابێت چیدی سووریا بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێکی ناوەندیی وەکو بەعس، دوای 15 ساڵ شەڕکردن دەبێت سووریایەکی ناناوەندی ئاوا بکرێت، دەبێ هەمووان ئەوە قبووڵ بکەن،" ئەمەش بەشێکی دیکەی قسەکانی عەبدی بوو لە گوتارەکەیدا لە کۆڕبەندی مێپس.
"کورد رۆڵی پێشەنگ دەبینێت لە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، "لەگەڵ گەلی کورد لە باشووری کوردستان، هێزی پێشمەرگەی خۆیان بە یەکبوونیان لەگەڵ شەڕڤانان بە پاڵپشتی هێزی نێودەوڵەتی دژی داعش شەڕمان کرد و پێشەنگیی شەڕی دژ بە داعشمان کرد، ئێستاش دەبینین لە هەوڵەکانمان بۆ ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی نێوەراست جارێکی دیکە کورد رۆڵی پێشەنگ دەبینێت."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت، "لە باکووری کوردستان، پێڤاژۆی ئاشتی دەستیپێکردووە، کە رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵییەوە دەستیپێکردووە، ئەمە دەرفەتێکی نوێی هێناوەتە پێشەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێمەش ئامادەین بۆ پشتگیریکردنی ئەو پێڤاژۆیە و هەموو شتێک بکەین بۆ سەرخستنی."
ئاماژەی بەوەش کرد، "باشووری کوردستان، چ هەولێر بێت یان سلێمانی، ئەوە 15 ساڵە پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان دەکەن، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەبینین کە لەم پێڤاژۆ ئاشتییەدا تەواوی هێزە سیاسییەکانی باشوور و بەتایبەت سەرۆک بارزانی، بە تەواوی پاڵپشتیی لە پێڤاژۆی ئاشتی لە باکووری کوردستان و دیالۆگی لە رۆژئاوای کوردستان و لە مژاری یەکێتیی هێزی کوردان لە رۆژئاوای کوردستان رۆڵیان هەیە و هیوادارین بەردەوام بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ