رووداو دیجیتاڵ
گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، دوو پرۆژە لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێن، ئەوانیش جۆگە سنوورییەکەی بیارە و کۆڵانی گەشتیاریی بیارەن. بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگاکە دەڵێت، "کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبن."
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-11-2025 چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو پڕۆژەی گەشتیاری لە بیارە جێبەجێ دەکرێن. یەکێکیان جۆگە سنوورییەکەی بیارەیە کە دەکرێتە پڕۆژەیەکی گەشتاری و دووەمیان پڕۆژەی کۆڵانی گەشتیاریی بیارەیە کە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش دیزاین دەکرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، هەردوو پڕۆژەکە کارەکانیان لەلایەن تیمی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەڵەبجەوە جێبەجێ دەکرێ؛ بڕیارە جۆگەی سنووریی ئێران و عێراق بە شێوەیەکی مۆدێرن و جیاواز دیزاین بکرێتەوە.
چیا قاسم گوتی، "پڕۆژەی کۆڵانی گەشتیاری بیارەش یەکێکە لە پڕۆژە جوانکارییەکان کە بەشێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش دیزاین دەکرێ، بە تەواوبوونیشی سیمایەکی کولتووری، ژینگەیی و گەشتیاریی جیاواز بە بیارە دەبەخشێت."
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، "ئێستا کاری سەرەتایی هەردوو پڕۆژەکە دەستیان پێکردووە. نزیکەی سەت ملیۆن دیناریان تێدەچێت. کەشوهەوا گونجاو بێت تاوەکو کۆتایی ساڵ هەردوو پڕۆژەکە تەواو دەبن."
لەبارەی نۆژەنکردنەوەی خانەقای بیارەوە، چیا قاسم گوتی: "بەم نزیکانە نۆژەن دەکرێتەوە و داوامان لە سەرپەرشتیاری خانەقای بیارە کردووە لە کاتی نۆژەنکردنەوەیدا رەچاوی کولتوور و سیمای بیناسازیی ناوچەکە بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ