رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە.
مەسرور بارزانی "سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستانی" کرد و گوتی، "دڵنیایی دەدەم کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و وەکو بە ئێمەی گوتووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا [پرسی مووچە] چارەسەر دەکرێت و هیوادارم چیدیکە ئەم بابەتە نەبێتە گرفت بۆ خەڵکی کوردستان"
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "رووبەڕووی ستەم و نادادی و گەندەڵی دەبینەوە و هەرگیز دەستبەرداری مافە رەواکانی گەلی کوردستان نابین."
مەسرور بارزانی گوتی، "دەستی زۆر خراپ هەبوون بۆ تێکدانی نەناردنی مووچە و دابینکردنی بودجە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان". گوتیشی، "گرفتی ئێمە تەنیا مووچە نییە، داواکاریی ئێمە، رێبازی ئێمە، میلـلەت و خاکی ئێمە زۆر لە مووچە زیاترە، بەڵام ئەمەش [مووچە] بە ژیانی خەڵکەوە گرێدراوە."
مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی لافاوەکەی دهۆک کرد و گوتی، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ.
لە رێوڕەسمی نەورۆزی ئاکرێ کە زیاتر لە 40 دیپلۆمات، نوێنەر و کۆنسوڵی وڵاتان ئامادەی بوون، مەسرور بارزانی گوتی، دەیانەوێت ئاکرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە هەرێمی کوردستان و جیهان، چونکە لە هیچ شوێنێکی جیهان بەمشێوەیە ئاگری نەورۆز ناکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ