رووداو دیجیتاڵ
دادپزیشکیی دهۆک دەڵێت: تەرمی ئەو گەنجەی کە 20ـی ئادار لە قەزای سمێل بێسەروشوێن بوو، لە بەنداوی موسڵدا دۆزرایەوە.
رۆژی شەممە 20-04-2024، دادپزیشکیی دهۆک رایگەیاند، تەرمی رۆژڤان ئیدریسی تەمەن 16 ساڵی دانیشتووی ناحیەی خانکێی سەر بە قەزای سێمێل، کە لە 20ـی مانگی رابردووەوە بیسەروشوێن ببوو، لە بەنداوی موسڵدا دۆزرایەوە.
کەسوکاری رۆژڤان ئیدریس لەوبارەوە قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد: ''هیچ شوێنەواری شێواندن لەسەر تەرمەکەی نییە و دیارە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی خنکان بووە.''
بێسەروشوێنبوونی گەنجەکە رۆژێک دوای لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ بوو کە بەهۆیەوە زیان بە نزیکەی 300 ماڵ و 50 ئۆتۆمبێل کەوت و سێ هاووڵاتیش گیانیان لەدەستدا کە پێشتر تەرمی دوویان دۆزرابوونەوە.
پێشتر ئیدریس شەمۆی باوکی رۆژڤان بە رووداوی راگەیاندبوو، بە کامێرای فرۆشگەیەکەوە دیارە کە کوڕەکەی بەرەو رۆژهەڵاتی خانکێ دەچێت، واتە بە ئاراستەی بەنداوی موسڵ؛ ''بۆیە گومان دەکرێت کەوتبێتە نێو بەنداوەکەوە''.
نزیکەی مانگێک بوو تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە هێلیکۆپتەر، بەلەم و هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش و خەڵکی ئاسایی، هەوڵی دۆزینەوەی رۆژڤان یان تەرمەکەیان دەدا.
رۆژی شەممە، 30-03-2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کە سەردانی کەسوکاری ئەو گەنجەی کردبوو، رایگەیاند، ''تاوەکو ئەو کاتەی بە ئەنجامێک دەگەین لەگەڵ کەسوکاری رۆژڤان ئیدریس دەمێنینەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ