رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە، داوا لە فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای هەولێر کراوە تاوەکو 27ی ئەم مانگە رێکارەکانیان بۆ پرۆژەی "هەژماری من" تەواو بکەن.
بەپێی نووسراوەکە، ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئەو رێککەوتە رێکارەکان تەواو ناکەن، مووچەکانیان رادەگیرێت و بە شێوەی نەختینە پێیان نادرێت تاوەکو پرۆسەکە تەواو دەکەن.
نووسراوەکە، کە ئاراستەی یەکە ژمێریارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کراوە، دوو خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
هەموو فەرمانبەرانی شارستانی (مەدەنی) ئاگادار دەکرێنەوە کە پێویستە تاوەکو 27ی ئەم مانگە، مامەڵەی تۆمارکردن و پڕکردنەوەی فۆرمی "هەژماری من" تەواو بکەن. بە پێچەوانەوە، مووچەکانیان رادەگیرێت تاوەکو ئەو کاتەی رێکارەکان تەواو دەکەن.
ئەو فەرمانبەرانەی فۆرمیان پڕکردووەتەوە بەڵام هێشتا کارتی بانکەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، ئەوانیش تاوەکو هەمان رێککەوت مۆڵەتیان هەیە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، ئەگەرنا مووچەیان پێنادرێت.
وەزارەتی دارایی جەخت لەوە دەکاتەوە کە مووچەی ئەو فەرمانبەرانە نافەوتێت، بەڵکو لە وەزارەت رادەگیرێت تاوەکو رێکارەکان تەواو دەکەن. هەر کاتێک پرۆسەکەیان تەواو کرد، سەرجەم مووچە راگیراوەکانیان بە یەکجار پێدەدرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی، لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەیەکی کەم لە فەرمانبەران ماون کە هێشتا رێکارەکانی "هەژماری من"یان تەواو نەکردووە. ئاماژە بەوە کراوە کە تەنیا نزیکەی 4,500 فەرمانبەر ماون کە مووچەکانیان نەبەستراوەتەوە بە سیستمی دیجیتاڵییەوە. لەم ژمارەیەش، 2,100 فەرمانبەر خۆیان تۆمار کردووە، بەڵام هێشتا کارتی بانکەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ