رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی درۆنیی تورکیادا هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلۆ و دوو کەسی دیکە گیانی لەدەستداوە؛ میدیا خۆجێییەکان باس لە برینداربوونی کەسێکی دیکەش دەکەن.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە رووداوی راگەیاند، تورکیا لە قامشلۆ هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر؛ لە ئەنجامدا یوسرا دەورێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلۆ و دوو کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە. میدیای خۆجێی رۆژئاوای کوردستان ئاماژە بە برینداربوونی کەسێکی دیکەش دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تورکیا لە رێگەی درۆنەوە، لە گوندێکی سەر بە تربەسپیێ ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کردووەتە ئامانج. ئۆتۆمبێلەکە لە رێگەی نێوان گوندەکانی تل شەعیر و بەیاندۆرێی سەر بە تربەسپی بۆردوومان کراوە.
محەممەد زەینەدین عیسا، خەڵکی گوندی بایاندۆرێ کە شایەتحاڵی هێرشەکە بووە، بە رووداوی گوت، "فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری کەیای لەسەر رێگەی گوندەکانی تل شەعیر و بەیاندۆرێ بەئامانج کرد."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە 27 ساڵانە، "درۆنەکە سێ مووشەکی ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکە کردووە. یەکەمیان بەر زەوییەکی کشتوکاڵی کەوتووە، دووەمیان بەر شوێنێکی نزیکی ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە و سێیەمیان بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە."
محەممەد باسی لەوەش کرد، "هێرشەکە کاژێر 11:30ی بەیانیی رۆژی سێشەممە کراوە و لە ئەنجامدا سێ ژن کوژراون و شوفێری ئۆتۆمبێلەکەش بریندارە."
چالاکڤانە خۆجێیەکانیش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە گوندێکی سەر بە قامشلۆ لەلایەن درۆنێکی تورکییەوە بەئامانج کراوە و لە ئەنجامدا "سێ کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کوژراون کە یەکێکیان بەرپرسە."
میدیای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سوپای تورکیا دوو جار گوندی تل شەعیری بۆردوومان کردووە و "ژمارەیەک کەس بریندار بوون."
10 رۆژ لەمەوبەریش، یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە رایگەیاندبوو، لە هێرشێکی تورکیادا لە حەلەب سێ شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەش برینداربوون.
هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەم دواییانەدا زیادیان کردووە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییە لایەنگرەکانی هێرشیان کردە سەر منبج و شەهبا. بە گوێرەی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)وەیە، لەو هێرشانەدا شەش شەڕڤانیان گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەشیان بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیلی ناوچەکەش کوژراون و برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ