رووداو دیجیتاڵ
گەڕاندنەوەی رووفاتی کوردانی ئێزدی بەبێ تابووت و رێوڕەسمی فەرمی، ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە. نوێنەرێکی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: حکومەتی عێراق بێڕێزیی بەرامبەر رووفاتەکانیان کردووە کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون. یاریدەدەری پارێزگاری نەینەواش دەڵێت: بەرپرسانی حکومەتی عێراق پێیان گوتوون پارەیان نییە تابووت بۆ رووفاتەکان دابین بکەن، بۆیە لە کیسەی نایلۆندا رووفاتەکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ موسڵ و لەوێشەوە براونەتەوە شنگال.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20.6.2023، رووفاتی 39 کوردی ئێزدی لە دادپزیشکی بەغداوە گەڕێندرانەوە موسڵ دوای ئەوەی کە ماوەی دوو ساڵە رووفاتەکان بە مەبەستی پشکنین و دەستنیشانکردنی ناسنامەکانیان لە بەغدا ماونەتەوە، بەڵام رووفاتەکان بێ هیچ رێوڕەسمێکی فەرمی و بێ بەشداریی هیچ بەرپرسێکی باڵای حکومەت و تەنانەت بێ تابووت، رادەستی کەسوکاریان کرانەوە و بەشێک لە کەسوکاری قوربانییانیش ناچارکران خۆیان تابووت و ئاڵای عێراق بکڕن و رووفاتەکانیانی پێ بگوازنەوە.
"رووفاتەکانیان لە کیسە و نایلۆندا رادەستکردین"
عەلی عومەر، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، لەبارەی گەڕاندنەوەی 39 رووفاتی کوردانی ئێزدی گوتی: بەرپرسانی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا لە کیسەی نایلۆندا رووفاتەکانیان رادەستکردین و پێیان گوتین، توانای داراییمان نییە تابووتیان بۆ دابین بکەین.
ئەو یاریدەدەرە گوتیشی: بەرپرسانی دادپزیشکی بەغدا دوێنێ ئاگەداریان کردینەوە کە پێویستە ئەمڕۆ رووفاتەکان وەربگرینەوە، هیچ کاتێکیان نەداینێ بۆ ئامادەکاریی و دروستکردنی تابووت و ئەنجامدانی رێوڕەسمی فەرمی بۆیان.
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا نایشارێتەوە کە حکومەتی ناوەندیی عێراق کەمتەرخەم بووە بەرامبەر رووفاتی کوردانی ئێزدیی و دەڵێت: پێشتریش لە گەڕاندنەوەی رووفاتی قوربانییانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی عێراق کەمتەرخەمی هەبووە بەرامبەریان.
گەڕاندنەوەی 39 رووفاتی کوردانی ئێزدیی کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون و لە رۆژانی داگیرکردنی شنگالدا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆمەڵکوژکرابوون، لەکاتێکدایە کە هێشتا نزیکەی 500 رووفاتی کوردانی ئێزدی لە دادپزیشکی بەغدا ماونەتەوە و ناسنامەکانیان دەستنیشاننەکراوە، تائێستاش دوای دوو ساڵ مانەوەی رووفاتەکان لە پشکنینی پزیشکی تەنیا 210 رووفاتیان ناسنامەیان دەستنیشانکراوە و لەکۆی 92 گۆڕی دۆزراوەش تەنیا 48 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.
"ناچاریان کردین ئاڵای عێراق بکڕین بۆ رووفاتی کەسوکارمان"
ئەلیاس موراد، کە لە دادپزیشکی موسڵ لە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی رووفاتی باوکیدا بوو بە لەمیا رەسوول، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، ناچارکراوە خۆی تابووت و ئاڵای عێراق بۆ رووفاتی باوکی بکڕێت، تاوەکو تابووتی نەکڕیوە و ئاڵای عێراقی پێوەنەپێچاوە، ئێسک و پروسکی باوکیان نەداوەتەوە.
نوێنەرێکی کوردانی ئێزدیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت "حکومەتی عێراق مامەڵەیەکی نەشیاوی لەگەڵ رووفاتی کوردانی ئێزدی کردووە."
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: حکومەتی عێراق رێزی رووفاتی کوردانی ئێزدی نەگرتووە و بە کیسە و نایلۆن ناردوونیەتەوە بۆ موسڵ. گوتیشی: شەرمەزارییە حکومەتی عێراق بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ رووفاتی کوردانی ئێزدی دەکات و کەسوکاری قوربانییانی ئێزدی خۆیان کفن و تابووتیان بۆ رووفاتەکان کڕی.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئێزدییە باس لەوەش دەکات، قبووڵی ناکەن سووکایەتی و بێڕێزیی بە رووفاتی کوردانی ئێزدی بکرێت و پەنا بۆ دەستوور و یاسا دەبەن دژی مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ رووفاتەکان و کەمتەرخەمیی حکومەت بەرامبەریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ