ئاگر لە دارستانێکی باکووری کوردستان کەوتەوە

20-07-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی نورداغ-ی سەر بە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان کەوتەوە و هەوڵەکانیش بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 19ی تەممووزی 2023، ئاگر لە دارستانەکانی سەر بە شارۆچکەی نورداغ لە پارێزگای دیلۆک کەوتەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە له‌ رێگەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەوە، لە ئاسمان و زه‌وییه‌وه‌ هه‌وڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئاگرەکە لە کاژێر 16:21 خولەک کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە. بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان؛ دوو فڕۆکە، دوو هێلیکۆپتەر، 24 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، سێ شۆڤڵ و 80 کارمەند رەوانەی ناوچەکە کران. هەوڵەکانیش بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە.
 
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2023، یەکەم ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای موغڵا کەوتەوە. ساڵی رابردووش، 203 ئاگر لە دارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. بەهۆیانەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەویی دارستانەکان زیانیان بەرکەوت و 149 کەس بریندار بوون و هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە، دووانیان هاووڵاتیی رووسیایی بوون.
 
لە 2021دا ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە. لە ئەنجامدا، 178 هەزار هێکتار زەویی دارستانەکان سووتان، هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەس بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

روولا حەمدۆ میوانی بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو بوو

کچێکی عەفرینی بەدوای کەسانی سەرووی 100 ساڵدا دەگەڕێت

لە شاری عەفرین، روولا حەمدۆ، چالاکڤانی کورد، دەستپێشخەرییەکی جیاوازی دەستپێکردووە؛ ئەو بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت، کە تەمەنیان لە 100 ساڵ تێپەڕیوە، بۆ ئەوەی بەشداریی خۆشییەکانیان بێت و رێزیان لێ بگرێت.