رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان روویدا و بەهۆیەوە 18 کەس بریندار بوون؛ تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئابی 2023 پاسێکی نەفەرهەڵگر بە خێراییەکی زۆر خۆی بە بەربەستی ئاسنینی ناوەڕاستی شەقامێکی گشتی لە نزیک ناوچەی پیشەسازیی شارۆچکەی بیسمیل لە پارێزگای ئامەد کێشا، لە ئەنجامدا 18 کەس بریندار بوون و دۆخی تەندروستیی پێنج لە بریندارەکان ناجێگیرە.
لە رووداوەکەدا کە تائێستا هۆکارەکەی نەزاندراوە، زیانێکی زۆر بە پاسەکە گەیشت و دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر ئەمبوڵانس و تیمەکانی ئافاد چوونە شوێنی رووداوەکە و بە خێرایی بریندارەکان گوازرانەوە نزیکترین نەخۆشخانەی پارێزگای مەرەش.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەو هۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ