رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ شاندی عێراق نەگەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، بۆیە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و یەکشەممەی داهاتوو دەچنەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان.
دوو رۆژە شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدان، رۆژی سێشەممە، 19ی ئابی 2025، لەگەڵ لیژنە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق و ئەمڕۆش لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەوە.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ هیچ پەیوەندی بە مووچەی مانگی حوزەیرانەوە نەبوو، بەڵکو بۆ ئەوە بوو قسە لەسەر داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بکەن و ببێتە بنەمایەک بۆ مانگەکانی داهاتوو، تاوەکو هیچ کێشەیەک بۆ شایستە داراییەکانی مووچەخۆران دروست نەبێتەوە".
لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەنجامەکەی زۆر ئەرێنی نەبوو و نەگەیشتینە رێککەوتنی کۆتایی، ئەمڕۆ شاندەکەی هەرێمی کوردستان دێنەوە و رۆژی یەکشەممە دووبارە دەگەڕێنەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان".
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتیشی: "لەسەر داهاتی گومرگ رێککەوتوون کە 50٪ بە 50٪ بێت بۆ هەردوو حکومەت. عێراق داوا دەکات کە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، واتە باج و رسومات، 50٪ی رادەستی عێراق بکرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان قبووڵی ناکات".
بە گوێرەی ئەو زانیارییەکانی رووداو، شاندی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ داوایان لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە، مووچەی مانگی شەش خەرج بکات، بەڵام ئەو رایگەیاندووە: "تاوەکو ئێستا نووسراوی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەدەست نەگەیشتووە و هەر کاتێک گەیشتە دەستیان، لەسەر بنەمای بڕیارەکە، مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستان خەرج دەکەن".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە، بۆ ئەوەی تاوەکو سبەی نووسراوی فەرمیی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق و سبەی پارەکە خەرج بکرێت، دوای ئەوە هەرێم[ی کوردستان] راستەوخۆ 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێرێت".
دوێنێ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، دوای رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1- ئەو لیژنانەی لە بڕگەکانی (سێیەم و چوارەم)ی بڕیارە ئاماژەپێکراوەکەدا ناویان هاتووە، کارەکانیان تەواو بکەن، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەکدا لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکەن.
2- ئەو تیمەی بەپێی بڕگەی دووەم پێکهێنراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواو بکات، بە ژماردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پشکە بدات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی (دووەم/1)ـی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، بە مەرجێک میکانیزمی ژماردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵییەوە پەسند کرابێت.
3- حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، پابەند بکات بە رادەستکردنی ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، بە گوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ