مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک: تاوەکو ئێستا نەمانهێشتووە عەرەب یەک بست خاکی کورد داگیربکات

20-09-2020
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی محەممەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک. وێنە: رووداو
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی محەممەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک. وێنە: رووداو
نیشانەکردن کەرکووک یەکێتیی نیشتمانیی کورددستان
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

یەکێتی بانگهێشتی حیزبە کوردییەکانی کەرکووکی کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەدوای نۆ مانگ دابڕانیان لە یەکدی. 14حیزب و لایەنی کوردی چوون بۆ کۆبوونەوەکە، پێشتر لە هەر کۆبوونەوەیەکی لەم شێوە، تەوەری کۆبوونەوەکە و دەرئەنجامی دانیشتنەکان بە پارتیش رادەگەیێندرا، بەڵام ئەمجارە کۆبوونەوەکە بەبێ ئاگاداریی پارتی بەڕێوەدەچێت.
 
محەممەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت "روونە و پێویست ناکات لەسەری قسە بکەین، پارتی نایەتەوە کەرکووک، ئێمەش ناکرێ بۆ کۆبوونەوەی کەرکووک بچین بۆ سلێمانی، بۆ هەولێر و بۆ دهۆک، ئەو حیزبانەی لە گۆڕەپانەکەن دێن کۆڕ و کۆبوونەوە دەکەین و هەوڵەدەین نێوماڵی کوردی یەکبخەین و یەک گوتارمان هەبێت".
 
بەرپرسانی حیزبەکان کۆمەڵێ پرسیان بۆ کۆبوونەوەکە، وەکو گوتیان "دەبێت یەکدەنگبن تاوەکو چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە".
 
رەسوڵ رەئوف، بەرپرسی مەڵبەندی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات "یەکێک لە خاڵەکان درێژەدانی ئەو کۆبوونەوانەی دەمێکە راگیراوە، بەڵام یەکێک لەو حاڵەتە زەروورانەی دەبێت کاری لەسەر بکەین، حاڵەتی تەعریبی گوندە کوردییەکان بوو، کە پێموایە عەرەبەکان لەمکاتەدا یاسایان لەپشتە و بڕیاری دادگایان پێیە، وەزیری داد کوردە و کۆمەڵێک شتی پێدەکرێت".
 
دوای دوو کاژێر دانیشتن و گفتوگۆی 14 حیزبەکە، ئەوەی حیزبەکان خستیانەڕوو، هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نەبوو، چوونەوە سەر ئەو خاڵانەی کە لە کۆبوونەوەی 9 مانگی رابردوویان بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکیان دابوو؛ باسیان لەوە کرد، هەوڵدەدەن لیژنەکە کارابکەنەوە و دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە.
 
لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت "ئێمە لیژنەیەکمان پێکهێناوە و دەستبەکارە، پێنج وەزارەت و سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەتی تێدایە، لە کۆتاییدا ئەوان بڕیار دەدەن، بەڵام بۆ ئاگاداریتان ئێمە تاوەکو ئێستا نەمانهێشتووە یەک عەرەب، یەک بست خاکی کورد داگیربکات".
 
رێباز مەحموود، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند "بڕیاری ئەوەمان داوە لەگەڵ پێکهاتەکان بەیەکەوە دۆخی کەرکووک ئاسایی بکەینەوە".
 
شێخ سدیق، بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای کەرکووکی حیزبی شیوعی کوردستانیش دەڵێت "لەو کۆبوونەوەیەی 28\1 ئەنجامدرا، لیژنەیەکمان پێکهێنا، من یەکێک بووم لە ئەندامەکان، پرۆژەیەکمان ئامادەکرد لەسەر کۆی تەعریبی کەرکووک، کۆرۆنا رێگربوو، ئەمڕۆ تەئکیدمان کردەوە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکرێتەوە".
 
تاریق فەریق، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان باسی لەوە کرد "ئەمانە هەنگاوێکە دەینێین، گەر ئێمە یەکهەڵوێست و یەکڕیز بین، بەرامبەریش رێزت لێدەگرێت".
 
دەسەڵاتی سەربازیی کەرکووک تاوەکو ئێستا چالاکیی سیاسیی حیزبە کوردییەکانی سنووردارکردووە. جگە لە یەکێتی، هیچ حیزبێکی کوردی ناتوانێت ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانی هەڵبکات، زیاتر لە 80 بارەگای حیزبی کوردی دەستیان بەسەردا گیراوە؛ بەشێکی زۆری پۆستەکانیش لە کورد وەرگیراونەتەوە و کورد گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی لەم دۆخەی ئێستادا بەتەواوی پەراوێزخراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە