سەرۆککۆماری عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کۆدەبنەوە

20-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبنەوە. گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، گفتوگۆ لەبارەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکەن. 
 
سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 20-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە ماڵی سەرۆککۆمار کۆدەبنەوە، یەکێک لەو مژارانەی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، دەنگدانە بە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.
 
گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی، "لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان لەبارەی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە قسەیان کردووە، پاساوی هەندێکیان بۆ دەنگنەدان بە پرۆژەیاساکە ئەوەیە کە ئەمە دەرگە لەبەردەم قەزاکانی دیکە دەکاتەوە بۆ ئەوەی داوای بەپارێزگابوون بکەن. هەندێکی دیکە باسیان لەوەکردەوە ئەگەر پشتیوانی لەو پرۆژەیاسایە بکەن، دواتر فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش هاوکار دەبن و دەنگ بە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی قەزاکانیان دەدەن، ئێمەش ئامادەیی تەواوی خۆمان دەربڕیوە بۆ دەنگدان بە هەر پرۆژەیاساکە بۆ بەپارێزگاکردنی قەزاکانی دیکە دوای تەواوبوونی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان". 
 
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 21-09-2023 پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
تائێستا بەرنامەی کاری دانیشتنەکە بڵاونەکراوەتەوە. موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی کرد رایگەیاند، رۆژی سێشەممە پەرلەمان کۆدەبێتەوە و دەنگدان بە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەش دەخرێتەبەرنامەی کار، ئەوەش دوای ئەوەی لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی دووشەممە لابرا و نوێنەرانی کورد وەک ناڕەزاییەک کۆبوونەوەکەیان جێهێشت. 
 
رۆژی سێشەممە 19-09-2023، کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دانیشتنی دوێنێ پەرلەمانی عێراق پرسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بۆ سێشەممە دواخرا، بەڵام جارێکی دیکە کۆبوونەوەکە نەکرا." کاروان یاروەیس گوتی: "کۆمەڵێک لایەنی سیاسی لە عێراق لەگەڵ پارێزگاکردنی هەڵەبجەدا نین."
 
هەر لەوبارەوە، موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی 12:00 بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و گوتی: "دانیشتنەکە ناکرێت، چونکە جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە دووشەممە ئەوان لەسەر سەکۆی پەرلەمان بوون حەلبووسی پێنجشەممەی رابردوو و دووشەممەش نەهاتبوو بۆ دانیشتن و رازیش نەبووە بخرێتە بەرنامەی کارەوە، گوتوویەتی با سێشەممەش دانیشتن بکرێت، بەڵام جێگرانی رێگەیان نەداوە و گوتوویانە دەبێت هەڵەبجەی لەگەڵ بێت، چونکە دووشەممە بەڵێنمان بەو کوردانە داوە کە لەسەر داوای دەوڵەتی یاسا بۆ سێشەممە دوایدەخەین."
 
موسەنا ئەمین پەیامێکی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و گوتی: "هەڵسوکەوتی ئێستای محەممەد حەلبووسی نایسەلمێنێت کە دۆستی کوردە، داوا لە پارتی و کاک مەسعود دەکەم کە لە قۆناخێکدا هاوپەیمانی ئەو بەڕێزە و سەدرییەکان بوون، ئێستاش هاوپەیمانن پێی بڵێن ئەم هەڵویستەت لەگەڵ جینۆسایدی میللەتێک واتا چی! هەر ئەم پەرلەمانەی دوو خولە تۆ بەڕێوەی دەبەیت لە هەموو بودجەیەک هەڵەبجەی نەکردووە بە پارێزگا و دەنگی پێنەداوە، مەگەر دەستووری عێراق هەڵەبجەی بە پارێزگا نەناساندووە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.