هەسەدە: هێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت ستەمکارانە بوو

20-09-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەسەدە عەربەت
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات راگەیێندراوێکی لە بارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە و هێرشەکەی بە "ستەمکارانە" ناوبرد و دەڵێت "دوژمنان جگە لە شکست، هیچیان بۆ نامێنێتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە 20-9-2023 فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەدەسە) راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی رۆژی 18ـی ئەیلوولی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "بەداخ و پەژارەوە هەواڵی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە پاڵەوانانی دەزگای دژەتیرۆر (CTG)ـمان لە هێرشێکی ستەمکارانە کە فڕۆکەخانەی عەربەتی لە شاری سلێمانیی هەرێمی باشووری کوردستان کردە ئامانج، پێگەیشت."
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا، هەسەدە دەڵێت "ئەو پاڵەوانانە بە خوێنی پاکیان رێگەیەکی شکۆمەندیان لە خەبات و قوربانیدان لەپێناو گەل و نەتەوەکەیان کردەوە."
 
هەسەدە سەرەخۆشی لە سەرکردایەتی و ئەندامانی دەزگای دژەتیرۆر و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و خانەوادەی شەهیدان و گەلی کوردستان کردووە و، دەڵێت "جەخت لەسەر هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵیان بەهۆی ئەو کارەساتە گەورەیەوە دەکەینەوە."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هەسەدە دەڵێت "گەلەکەمان بەردەوام شانازی بە پاڵەوانە ئازاکان و دامەزراوە بەهێزەکانی سەربازی و ئەمنی دەکاتەوە کە توانای پاراستنیان هەیە، دوژمنانیش جگە لە شکست هیچیان بۆ نامێنێتەوە."
 
کاژێر 04:05ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، کە بە گوتەی بەرپرسانی یەكێتی، هێزێکی سەر بە دژەتیرۆر لەوێ خەریکی مەشق و راهێنان بوون.
 
دژەتیرۆری گشتیی کوردستان (CTG) لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، بۆردوومان بووە و لە ئەنجامدا ''سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون. دژەتیرۆر دەشڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات."
 
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، 19ـی ئەیلووی رایگەیاند، ئەو درۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە شاری سلێمانی پێ کراوە، لە سنووری تورکیاوە هاتووەتە ئاسمانی عێراق.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی سێشەممە، 19-9-2023، راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو، "پێشهاتەکانی ئەو تەقینەوەیەی رۆژی 18ـی ئەیلوولی 2023 لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی روویدا، جێگەی سەرنجن. وا زانراوە لەکاتی تەقینەوەکەدا ئەندامانی گرووپی دژەتیرۆری سەر بە یەکێتی لەگەڵ تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگە راهێنانیان کردووە."
 
بەڵام قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە جگە لە دژەتیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لەنێو فڕۆکەخانەی عەربەت بووبێت.
 
جێگری سەرۆكوەزیران رۆژی چوارشەممە 20-09-2023 لە کاتی پێشوازیکردنی لە تۆركیڵد بیگ، نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان گوتی "ئەم رووداوە پێشهاتێكی مەترسیدارە و تێیدا هێزێكی فەرمی عیراقی و كوردستانی كراوەتە ئامانج، كە هێزی دژەتیرۆری كوردستانە و بۆ هەموولایەكیش ئاشكرایە ئەو هێزە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دوو دەیە هاوكار و هاوپەیمانی سەرەكیی هێزەكانی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژەتیرۆردا."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە