رووداو - دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە گوایە بۆردوومانی هێزەکانی سوپای سووریایان کردووە لە دەوروبەری بەنداوی تشرین. راشیگەیاند، کوژرانی دوو سەربازەکەی سوپای سووریا بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بووە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، شەوی چوارشەممە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "ئاژانسی سانا بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی سووریاوە بڵاوی کردەوە دوو سەرباز کوژراون و سێیەمیش بریندار بووە، بەهۆی بەئامانجگرتنی خاڵێکی سەربازی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە لە نزیک بەنداوی تشرین لە دەوروبەری حەلەب."
هەسەدە دەڵێت: "بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەم زانیارییانە ناڕاستن. هێزەکانمان هیچ کردەوەیەکی بەئامانجگرتنیان لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا نەکردووە."
شەوی چوارشەممە 29-10-2025 وەزارەتی بەرگریی سووریا بە ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا)ی راگەیاند: "هەسەدە یەکێک لە خاڵەکانی سوپای عەرەبی سووریای لە دەوروبەری بەنداوی تشرین بۆردوومان کردووە، بەهۆیەوە دوو سەرباز کوژران و یەکێکیش بە سەختی بریندار بووە."
بەڵام هەسەدە دەڵێت: "بەپێی ئەو زانیارییە مەیدانییانەی کە لەبەردەستماندایە، رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە دەوروبەری خاڵە سەربازییەکەی حکومەتی دیمەشق بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانی ئێمەوە نییە."
وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزەکانی هەسەدەی بە پابەندنەبوون بە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکان تۆمەتبار کردووە و رایگەیاندووە: "لە رێگەی کردنەئامانجی خاڵەکانی سوپا و کوشتنی ئەندامەکانییەوە، هەموویان پشتگوێ دەخەن."
هەسەدە جەخت لە پابەندبوونی خۆیان بە پڕەنسیپی ئاڵۆزنەکردنی دۆخەکە و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکانی هێڵی تهماسدا دەکاتەوە، هەروەها دەڵێت، بەردەوامن لەسەر "هەوڵە نیشتمانییەکان" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە ئاسایش و سەلامەتیی دانیشتووان لە هەموو پێکهاتەکان دەکاتە ئامانج.
هەسەدە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پابەندی وردی و دروستی بن و پشت بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو ببەستن، هەروەها گێڕانەوەی نادروست بڵاونەکەنەوە، کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە یان چەواشەکردنی رای گشتی.
ئەو گرژیانە و شەڕی راگەیاندن و تۆمەتبارکردنانەی نێوان هەسەدە و سووپای سووریا چەند جارێکە دووبارە دەبنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، هەسەدە لە سەروبەندی یەکگرتندایە لەگەڵ سوپای سووریا.
رۆژی چوارشەممە 29-10-2025 سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لەم دواییانەدا هەسەدە لیستێکی ناوی ئەو سەرکردانەی کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا شەڕی داعشیان کردووە، رادەستی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە، بۆ ئەوەی تێکەڵ بە سوپای سووریا ببن."
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، لیستەکە ناوی 70 فەرماندەی هێزەکانی سووریای تێدایە و چاوەڕێی وەڵامی دیمەشق دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو فەرماندانە ببنە بەشێک لە هێزەکانی سوپای سووریا.
ئەم هەنگاوەی هەسەدە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی 10 ئاداری ئەمساڵە، کە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە دیمەشق واژۆکرا، بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا ببێت.
رۆژی 10-10-2025 لە ساڵیادی دەمەزراندنی هەسەدەدا، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، هەسەدە "بەشێکی بەهێزی ئەو سوپایەی سووریا پێکدەهێنێت کە لە قۆناغی دامەزراندندایە" و "یەکەکانی دژەتیرۆری هەسەدە شانبەشانی یەکەکانی دیکەی سوپای سووریا، لەسەر ئاستی نیشتمانی و لە تەواوی خاکی سووریادا، بەردەوام دەبن لە کاری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ