ئایدن مەعرووف: پێویستە پۆستی جێگری سەرۆکایەتیی کۆمار بدرێتە تورکمان

20-11-2025
پەیمان محەممەد
 ئایدن مەعرووف کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق
ئایدن مەعرووف کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت، پێویستە پۆستی جێگری سەرۆکایەتیی کۆمار بدرێتە تورکمان. دەشڵێت، پێکهاتەکان رەخنەیان لە سیستمی کۆتای هەڵبژاردن هەیە لە عێراق.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-11-2025، ژمارەیەک نوێنەری پێکهاتەکان بە سەرپەرشتیی ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و رەوشی پێکهاتەکانیان تاوتوێ کرد.
 
دوای کۆبوونەوەکە، ئایدن مەعرووف کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراقە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سیستمی کۆتا، رەوشی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێک لەو مژارانە بوون کە تاوتوێ کران.''
 
وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتی، ''رۆڵی پێکهاتەکان زۆر گرنگە و پێویستە لە بڕیاری سیاسی و حکومەتی داهاتووی عێراقدا بەشدار بن''.
 
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەرەی تورکمانیی عێراقی لە هەڵبژاردنەکەدا دوو کورسی بەدەستهێناوە. ئایدن مەعرووف گوتی: ''گرنگە تورکمان وەک نەتەوەی سێیەم لە عێراق، پۆستی جێگری سەرۆکایەتیی کۆماری پێبدرێت و لە پۆستە سیادییەکانیشدا بەشدار بێت.''
 
وەک ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق دەڵێت، نوێنەری پێکهاتەکان گلەییان لە سیستمی کۆتای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە و ''پێویستە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، گۆڕانکاری بەسەردا بێت.''
 
لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، 9 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە. ئایدن مەعرووف گوتی: "یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندیی پێکهاتەکان نەبوو، ئەوان دەیانەوێت لەبری سیستمی یەک بازنەیی، بە چەند بازنە بەشداری هەڵبژاردن بن.''
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراقی جەختی لەوە کردەوە، ''پێویستە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت و بڕیارە سیاسییەکان، لەگەڵ پێکهاتەکان وەک نەتەوە مامەڵە بکرێت، نەوەک لەسەر بنەمای سیستمی کۆتا و شایستەی هەڵبژاردن.''
 
رۆژی 9ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی تایبەت و رۆژی 11ی هەمان مانگ هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.