رووداو – سلێمانی
کاوە و فاتمە، هاوژینی یەکدین و نیڤشکانن، کاوە ئیفلیجیی پەلەکان و مێشکی هەیە، فاتمەش هەردوو دەست و لاقەکانی ئیفلیجن؛ ئەوان بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان پشتیان بە مووچەیەکی مانگانە بەستووە، ئێستاش دەڵێن، مووچە وەرنەگرن ناتوانن بۆ جەژن نانیش ئامادە بکەن.
فاتمە جەلال و هاوژینەکەی دەبوو سەرەتای ئەم مانگە مووچەی نیڤشکانییان وەرگرتبایە، بەڵام وەریان نەگرتووە، فاتمە دەڵێت، "بە خۆم و هاوژینەکەشم، 300 هەزار دینار وەردەگرین، بەشمان ناکات، من شیر و دایبیی پێدەکڕم بۆ منداڵەکەم، دەبێت پارەی نەخۆشخانە و کرێی خانووی لێبدەم، خەرجیی منداڵەکانمی لێ بکەم، سەیری قوتووی شیری منداڵەکەم بکە، بەشی یەک رۆژی تێدا نەماوە. منداڵێکی دیکەم حەوت ساڵە و گەورەیە، هەموو رۆژێک دەڵێت، دایە خەڵک جلی کڕیوە بۆ جەژن، تۆش بۆم بکڕە، نوقڵ بکڕە، چەرەس بکڕە؛ منیش پێی دەڵێم بە چی بیکڕم؟ مووچە نییە."
کاوە جەمال، نیڤشکان و هاوژینی فاتمە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو دوو حەبەم هەیە، هەردووکی بەشی مانگێکم ناکات، خۆیشم ناتوانم بیکڕم، خێرخواز بۆم دەکڕن، یەکێکیان بایی 75 هەزار دینارە."
زەنگی تەلەفۆنی بارەگای یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان زوو زوو گفتوگۆکان بە بەرپرسەکەی دەبڕێت، زەنگەکانیش نیڤشکانانن کە عەوداڵی کاتی هاتنی مووچەن، نەداری و هەژاری و پێویستی زۆریان بە مووچە ئۆقرەی لێبڕیون.
سەرهەنگ عوسمان، جێگری سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە رووداوی گوت، "ژیانیان زۆر قورسە، ئەو مووچەی وەریدەگرن بەشی چەند رۆژێکی کەم دەکات، ئێمە لێرە داواکارییەکەمان ئەوەیە کە بتوانن جەژن بکەن و بۆ ئەم دوو سێ رۆژەی جەژن پارەکە بەکاربهێنن تاوەکو بتوانن دوو کیلۆ نوقڵ و کیسەیەک برنجی پێ بکڕن."
لە هەرێمی کوردستان 75 هەزار و 50 کەس مووچەی نیڤشکانی وەردەگرن کە 67 هەزار و 970 کەسیان مووچەکەیان بڕی 150 هەزار دینارە و 7080 کەسیشیان مووچەکەیان بڕی 100 هەزار دینارە، بەڵام تائێستا هیچکام لەو کەسانە مووچەیان وەرنەگرتووە.
بەڕێوەبەرە نوێیەکەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی پەیوەندیی بە وەزارەتی داراییەوە کرد، داواکاریی نیڤشکانی بۆ زوو دابەشکردنی مووچە پێگەیاندوون و دەڵێت، دەبێت سەرمایەداران و خواپێداوان هاوکاریی نیڤشکانان بن.
بێستوون جەبار، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە وەکالەت بە رووداوی گوت، "پەیوەندیمان بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، ئەوان گوتوویانە هەرکات 400 ملیار دینارەکەی بەغدا بگات، دەستبەجێ مووچە دابەش دەکەین، ئێمەش چاوەڕێی ئەوە دەکەین، ئەگینا لیستی مووچە و هەموو شت تەواو بووە."
نیڤشکان لە ریزبەندیی 15یەمین وەزارەتی دانراون بۆ وەرگرتنی مووچە، ئەوەش هێندەی دیکە نیگەرانی کردوون و داوا دەکەن هەرچی زووە مووچە دابەشبکرێت تاوەکو ئەوانیش خۆیان بۆ جەژن ئامادە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ