مونا قەهوەچی: هەر لایەنێك لە پارتی زیاتر مافمان بداتێ، دەبینە هاوپەیمانی

21-06-2023
شیراز رەئوف
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ئەوان وەکو دەستەی سەرۆکایەتی، چاوەڕوانی بڕیاری لایەنە سیاسییەکانن لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان. مونا قەهوەچی، کە جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانە، دەشڵێت: "هەر لایەنێك لە پارتی زیاتر مافمان بداتێ، دەبینە هاوپەیمانی."
 
مونا قەهوەچی، سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: تائێستا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ بڕیارێکیان نەداوە لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش چاوەڕوانی بڕیاری لایەنە سیاسییەکان دەکات.
 
قەهوەچی گوتی: "پەرلەمانی کوردستان لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان پێکهاتووە، هەر بڕیاریکیش لەبارەی چارەنووسی ئەم خولە پێویستە لایەنە سیاسییەکان گەڵاڵەی بکەن. هەرکات سەرکردایەتیی سیاسیی بڕیاری دا ئەوکات دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەستدەکات بە رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە."
 
"بە شانازییەوە هاوپەیمانی پارتین"
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەی رووداوی ئەمڕۆدا و لەبارەی تۆمەتبارکردنیان بە هاوسۆزی لەگەڵ لایەنێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەستوەردان لە کاروباریان و بەکارهێنانیان لە ململانێ سیاسییەکاندا. مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان گوتی: "ئێمە بە شانازییەوە هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانین، چونکە پارتی لە هەموو لایەنە سیاسییەکان زیاتر مافی بۆ دەستەبەر کردووین و لە حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا نوێنەرمان هەیە، هەر لایەنێک لە پارتی زیاتر ماف بۆ پێکهاتەکان دابین بکات، ئامادەین ببینە هاوپەیمانی."
 
"بە دەنگی خۆمان دەرچووین"
 
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان رەخنە لەو لایەنانە دەگرێت، کە تۆمەتباری دەکەن بەوەی لەناو دەنگدەرانی تایبەت و هێزە ئەمنی و سەربازییەکاندا بە بڕیاری حیزبی دەنگیان بۆ کۆدەکرێتەوە و گوتی: "ئێمە بە دەنگی خۆمان دەرچووین و پێشمەرگە هاوسۆزە لەگەڵمان بۆیە دەنگیانداوە بە تورکمان."
 
قەهوەچی گوتی: "لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی پارێزگاری لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان کرد نەک تەنیا کورد، تورکمانیش لەوکاتەوە هاوسۆزییەکی زۆری بۆ پێشمەرگە هەیە و لە هەڵبژاردنیشدا بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە دەنگی خۆیان بە نوێنەرانی تورکمان داوە، نەک بە ئیعازی حیزبی بەڵکو بە بڕوای خۆیان."
 
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات، دواتر دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا و رایگەیاند، درێژکردنەوەکە "نادەستووری و نایاساییە" و هەر بڕیار و یاسایەکیش لەو ماوەیەدا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە، لە رووی دەستوورییەوە "پووچەڵە"

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە