رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، نزیکەی 139 هەزار گەشتیار لە رۆژانی پشووی جەژندا سەردانی پارێزگای سلێمانییان کردووە. گوتیشی، زیاتر لە 85%یان گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقن.
شاناز عامر، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لەبارەی هاتنی گەشتیاران بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو پلانەی بۆ رۆژانی جەژن دایاننابوو، "بە باشی جێبەجێ کرا."
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی گوتیشی، "هاتنی گەشتیاران لە جەژنی قوربانی ئەم ساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی پێنج هەزار بۆ 10 هەزار کەس زیادی کردووە."
بە گوتەی شاناز عامر، هێزە ئەمنییەکان بە باشی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ گەشتیاران کردووە و لە چەند خولەکێکدا سەرجەم مامەڵەکانیان تەواوکراون و بە ئاسانی هاتوونەتە نێو شارەکە.
وەک شاناز عامر دەڵێت، 85% بۆ 90%ی گەشتیاران لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە روویان لە سلێمانی کردووە و بەردەوام رێژەی هاتنیان بەرز دەبێتەوە، "هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، سەرەڕای کەشوهەوایەکی گونجاوتر و گەشتێکی ئاسانتر، جیاوازیی دراو و کاتمان نییە و لێرەش مامەڵەی باشیان لەگەڵدا دەکرێت."
ساڵانە جیا لە گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، ژمارەیەک گەشتیاری بیانیش روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. وەکو بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، "بەردەوام هەوڵدەدەین گەشتیاری بیانیی زیاتر سەردانی سلێمانی بکەن، ئێستاش لە رێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە بەردەوام لە وڵاتانی وەکو ئیسپانیا و چینەوە گەشتیار دێن."
شاناز عامر ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرجەم بۆنەکاندا، سێ تیم پێکدەهێندرێن کە لە بازگەکان و لەنێو شاردا، زانیاری دەدەنە گەشتیاران؛ هەروەها سەردانی سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان دەکرێت بۆئەوەی رێگری لە دروستبوونی گرفت بۆ گەشتیاران و قۆرخکاریی نرخەکان بکرێت.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکار وەکو گەشتیاری نێوخۆیی تۆمار کراون.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2500 شوێن بە ناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ