کۆمیسیۆن: دوو جاری دیکە وێستگەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تاقیدەکرێنەوە

21-08-2025
پەیمان محەممەد
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق قسە بۆ رووداو دەکات.
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق قسە بۆ رووداو دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن دەڵێت، دووەم تاقیکردنەوەی وێستگەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە باشی بەڕێوەچووە. تاوەکو هەڵبژاردنیش دەکرێت، دوو جاری دیکە تاقیدەکرێنەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-08-2025، بۆ دووەم جار وێستگەکانی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاقیکرانەوە. نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ''بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراق، ئامێرێکمان زیاد کردووە کە ئەوانەی پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە، دەتوانن لە رێگەی رووخسارەوە دەنگ بدەن''.
 
بەگوتەی نەبەرد عومەر تائێستا هیچ گرفتێک لە ئامێرەکانی دەنگداندا نەبینراوە و بە شێوەیەکی ''زۆر باش'' کار دەکەن.
 
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، لە هەر وێستگەیەک تەنیا 5%ـی دەنگدەرانى رێگەیان پێدەدرێت بەبێ خوێندنەوەى پەنجەمۆر دەنگ بدەن. وەک سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، ''ئەو 5٪ـە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە پەنجەمۆریان لەنێو کارتی بایۆمەتریدا هەیە، بەڵام لە رۆژی دەنگداندا نایخوێنێتەوە و میکانیزمی دەنگدانیان لە پەنجەمۆرەوە دەگۆڕدرێت بۆ رووخسار.''
 
10ـی ئابیش گەڕێکی دیکەی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان بەڕێوەچوو. نەبەرد عومەر گوتی: "تاوەکو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دوو جاری دیکە وێستگەکانی دەنگدان تاقیدەکرێنەوە.
 
بەگوێرەى بڕیارێک کە ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە 20ـی ئاب واژۆى کردووە، 32 بەربژێرى هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە بەهۆى ئەوەى کەموکورتى لە بڕوانامەکانیان هەبووە، یان لە بنەڕەتدا بڕوانامەیان نەبووە. سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان سێ رۆژیان بەردەستە بۆ ئەوەی بۆ شوێنگرەوەی دوورخراوان، بەربژێرێکی دیکە بە کۆمیسیۆن بناسێنن.
 
بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.