رووداو دیجیتاڵ
لەدوای بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆیەک کە دەست رووداو کەوتبوو و تێیدا دەردەکەوێت چەند کەسێک لە بەخشراوێک دەدەن، پۆلیسی سلێمانی چوار کەس دەستگیر دەکات.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی تاسڵوجەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکرد کە هێرشیانکردبووە سەر هاوڵاتییەک و لێیاندا."
ئەمڕۆ تۆڕی میدیایی رووداو گرتەڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت چەند کەسێک بێبەزەییانە لە بەخشراوێک دەدەن.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تێیدا چەند تۆمەتبارێک هێرشدەکەنە سەر هاوڵاتییەک و لێی دەدەن، بەبڕیاری بەڕێز دادوەر لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردو توانرا سەرجەم تۆمەتباران کە ژمارەیان چوار کەسە لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی تاسڵوجەوە دەستگیربکرێن."
دەشڵێت: "سەرجەم تۆمەتباران بە بڕیاری بەڕێز دادوەر راگیراون و لەلایەن بنکەی پۆلیسی تاسڵوجەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەخشراوەکە ناوی "ئەنەس سەرچڵ"ـە و ڤیدیۆکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-8-2025، لەنێو گەراجی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ