دادگەی سلێمانی: شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەتیش ئازاد بکرێ ناتوانێت بچێتەوە ماڵەوە

21-08-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی داداگەی سلێمانی دەڵێت، یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید پێویستی بە چەند دانیشتنێکی دیکە هەیە، دەشڵێت، ''ئەگەر بە کەفالەتیش ئازاد بکرێت، تاوەکو یەکلاییکردنەوەی سەرجەم دۆسیەکانی، ناتوانێت بچێتەوە ماڵەوە.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-08-2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ برایە بەردەم دادوەر، بەڵام دانیشتنەکە بۆ 28ـی ئەم مانگە دواخرا. حاکم سەڵاح حەسەن، جێگری سەرۆکی دادگەی سلێمانی بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەوەی پێویست بوو لە دانیشتنی یەکەم کرا و دادبینیییەکەش بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی پێویست بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە دواخراوە''.
 
حاکم سەڵاح حەسەن گوتی: ''ناتوانین بڵێین دۆسیەکە 28ـی مانگ یەکلایی دەبێتەوە، چونکە هەندێک رێوشوێنی یاسایی هەن، کە پێویستیان بە چەند دانیشتنێکی دادگە دەبێت.''
 
جێگری سەرۆکی دادگەی سلێمانی سەبارەت بە ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەت گوتی، ''ئەمە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی دادوەردایە لەکاتی دادگاییکردنیدا.''
 
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر سکاڵایەکی شادی نەوزاد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی 2021 تۆمار کراوە، 12ـی ئاب بە تۆمەتی هەڕەشەکردن دەستگیرکرا، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، جیا لەم دۆسیەیە لە ئاسایشی سلێمانیش فەرمانی دەستگیرکردنی تایبەت بە چەند دۆسیەی دیکە هەیە.
 
بەگوتەی حاکم سەڵاح حەسەن، ''ئەگەر 28ـی مانگیش دادوەر بڕیاری بە کەفالەت ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید بدات، ناتوانێت بچێتەوە ماڵەوە، بەڵکو دەبێت دۆسیەکانی دیکەی یەکلایی بکرێنەوە، پاشان ئازاد بکرێت، واتا تۆمەتبار هەر فەرمانێکی دەستگیرکردنی هەبێت، دەبێ یەکلایی بکرێنەوە.''
 
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنەکەی شاسوار عەبدولواحیدی بە "سیاسی" ناوبرد و رایگەیاند، پەیوەندی بە بانگەوازی سەرۆکی جووڵانەوەکە هەبووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان.
 
د. مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ رۆژێک دوای دەستگیرکردنی لە زیندان سەردانی سەرۆکی جووڵانەوەی نوێی کرد و بە رووداوی گوت، شاسوار عەبدولواحید دووپاتیکردووەتەوە کە لەسەر "داوایەکی یاسایی" دەستگیرکراوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.