ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان: 450 هێکتار لە دارستانەکانی مەریوان سووتاوە

21-08-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان رایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی چوار گوند، نزیکەی 450 هێکتار لە دارستان سووتاوە.
 
لە رۆژی یەکشەممە، 17ی ئابی 2025ـەوە ئاگر لە دارستانەکانی نێوان گوندەکانی هانەشیخان و نێی سەر بە شاری مەریوان کەوتەوە و دوای چوار رۆژ، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ئاگرەکە لە لایەن تیمەکانی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، ژینگەپارێزانی خۆبەخش، خەڵکی ناوچەکە و تیمەکانی فەرمانگەی پاراستنی ژینگە شارەکەوە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام لە دوێنێ شەوەوە ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەکە دووبارە سەریهەڵداوەتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، عیرفان حوسێنی، ژینگەپارێز و ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوێنێ ئێوارەوە دووبارە ئاگر لە دارستانەکانی گوندی هانەشیخان سەریهەڵداوەتەوە و بەرەو گوندەکانی گاگل، بناوچڵە و دەرەوەران تەشەنەی سەندووە."
 
عیرفان حوسێنی دەڵێت، ئاگرەکە زۆر گەورەیە و رووبەڕێکی گەورەی گرتووەتەوە و نزیکەی 17 تیمی ئەنجوومەنی سەوزی چیا بە نزیکەی 100 تاوەکو 110 ئەندامیان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەشدارن.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە ناوچەیەکی سەختی سنووری و لێژاوییە و هەندێک شوێنی مینرێژ کراوە، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ئەستەمە.
 
سەبارەت بە زیانی ئاگرکەوتنەوەکان، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان رایگەیاند: "بەپێی خەملاندنە سەرەتاییەکان، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی پێنج رۆژی رابردوو لە دارستانەکانی نێوان گوندەکانی هانەشێخان، گاگل، بناوچڵە و دەرەوەران، لانیکەم نزیکەی 450 هێکتار دارستان سووتاون."
 
عیرفان حوسێنی هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "دۆخی ناوچەکە زۆر شپرزەیە و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئاگرەکە لەوە زیاتر بەرەو گوندی دەرەوەران تەشەنە نەکات، کە پێرار نزیکەی دوو هەزار هێکتار لە دارستانەکانی سووتا. لەبەر ئەوەی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە زۆر چڕ و بەرفراوانە و ئەگەر ئاگرەکە بگاتە قۆڵایی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە، کۆنترۆڵکردنی لانیکەم هەفتەیەک کاتی دەوێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.