رووداو دیجیتاڵ
ئازەرییەکانی نەغەدە لە هەوڵدان ناوی چیایەکی دیکەی کوردستان بگۆڕن و بیکەنە ئازەری.
دەستەی شاخەوانیی شارۆچکەی محەممەدیاری سەر بە نەغەدە ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا دەکات، گرووپە شاخەوانییەکانی ئەو شارۆچکەیە رۆژی هەینی 24/09/2021 پێکەوە بەسەر چیای فەڕەنگ لەنێوان نەغەدە و پیرانشاردا سەربکەون و لەوێ رێوڕەسمی دانانی تابلۆیەک بەناوی "بانی سوڵدوز" بەڕێوەببەن.
بڵاوکردنەوەی ئەو ئاگادارییە کاردانەوەی وەرزشڤانان و هاونیشتمانییانی لێکەوتووەتەوە و بە هەوڵێک بۆ گۆڕینی ناوی شوێنێکی دیکەی کوردستان لە قەڵەمی دەدەن.
ژمارەیەک لە شاخەوانانی کوردی نەغەدە و پیرانشار لە راگەیێندراوێکدا هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناوی چیای فەڕەنگ بە "کارێکی داگیرکەرانە و تێکدەرانە" ناو دەبەن و دەڵێن، "دەبێتەهۆی پشێوی و دووبارەکی نێوان دانیشتووانی ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە."

ئەو شاخەوانانە داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن، کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بەو کارە و رێگە نەدەن ناوی چیای فەڕەنگ بگۆڕێت. ئاماژەشیان بە هەوڵدانی یەک دوو ساڵی رابردووی ئازەرییەکان بۆ گۆڕینی ناوی چیای بۆزی سینا لە ورمێ کردووە کە بەهۆی کاردانەوەی هاونیشتمانییان و بەتایبەت شاخەوانانی کوردی پارێزگای ورمێ پێشی لێگیرا.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ