حکومەت: یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پرۆژە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زاخۆ دەبێت

21-10-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەکی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پرۆژە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. گوتەبێژی گەشتوگوزاری زاخۆ دەڵێت، چوونی گەشتیار بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ ناوچەکەیان 40٪ زیادیکردووە.
 
رۆژی شەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی دیزاینی پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە زاخۆ رایگەیاند، پڕۆژەکە "دەبێتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پرۆژە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
 
لەو بارەیەوە بێوار سندی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری زاخۆ ئەمڕۆ شەممە، 21-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆژەکە کە دیزاینی بڵاوکراوەتەوە، دەستکراوە بەجێبەجێکردنیشی و چەند رۆژێکە کارە سەرەتاییەکانی دەستیپێکردووە".
 
شوێنی پڕۆژەکە لە جێگایەکی بەرزدایە و دەکەوێتە نێوان قەزای زاخۆ و زاخۆی نوێ. بێوار سندی دەڵێت، پڕۆژەکە لەلایەن وەبەرهێنەرێکی ناوچەکەوە دروستدەکرێت و دەبێت هۆکارێکی باش بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکە.
 

گوتەبێژی گەشتوگوزاری زاخۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابروو، سەردانی گەشتیاران بۆ سنوورەکەیان 40٪ زیادیکردووە و گوتی، "تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، تەنیا گەشتیاری عێراقی و هەرێمی کوردستان بۆ زاخۆ گەیشتووەتە 270 هەزار کەس، جگە لەو گەشتیارانەی لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە هاتوونەتە زاخۆ".
 

دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 14ـی ئابی 2023، پڕۆژەی کۆرنیشی پردی دەلال لە زاخۆ، کە بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار قۆناخی یەکەمی 100٪ تەواو ببوو، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە.
 
لە پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆدا تاڤگەی ئاو، کافتریا و رێستۆرانت هەن و پڕۆژەیەکی گەشتیاریی خێزانییە و لەسەر رووبەری 75 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە و 70٪ـی سەوزاییە و سێ پارکی وەستانی ئۆتۆمبێلی تێدایە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.