رووداو دیجیتاڵ
جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، 7 لایەنی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان لە یاسای هەڵبژاردن نیگەرانن و بە دادپەروەری نازانن، لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان سیستمی سانتلیگۆ بە دژی خۆیان دەزانن و داوای رێگریی زیاتر لە ساختەکاری دەکەن. زۆربەی لایەنەکان دەڵێن، یەکەم کاریان لە خولی داهاتوو هەمواری یاساکە دەبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، رەوتی هەڵوێست، "بەرەی گەلەکەمان"، بەرەی تورکمانی و بەربژێرانی کریستیان تێبینییان لەسەر یاسای هەڵبژاردن هەیە و دەڵێن، هەوڵی هەموارکردنەوەی دەدەن.
ئەو لایەنانە نیگەرانییەکانیان لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن، سیستمی سانتلیگۆ، رێژەی ژنان، سیستمی دەنگدان و ژماردنی دەنگەکانە و بە بەرژەوەندیی حیزبە گەورەکان و رێگەخۆشکەر بۆ ساختەکاریی دەزانن.
ئەم هەڵبژاردنە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن ژمارە 12ی ساڵی 2018ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023 لە 18 بازنە بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە 11ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن، کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە. دەنگدان بۆ هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.
بۆچی کورد بەدوای یەک بازنەییدا دەگەڕێت؟ زیانەکانی فرەبازنەیی هەڵبژاردن بۆ کورد
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کە لە 10-10-2021 بەڕێوەچوو، لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 450 هەزار و 773 کەس مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەبوو، بەڵام بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، لەو ژمارەیە کەمتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس دەنگیان دا، کۆی گشتیی رێژەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان تەنیا 45.6% بووە، لە هەولێر 46%ی ئەوانەی مافیان هەبووە دەنگیان دا، لە سلێمانی 37% و لە دهۆکیش 54%ی دەنگدەران دەنگیان بە نوێنەرانی کورد دا، کەمیی بەشداریی خەڵک وای کرد کورد ئەو ژمارەی کورسییانە بەدەستنەهێنێت کە ئامانجی بوو، تەنیا 63 نوێنەری خەڵک لە هەرێمی کوردستانەوە چوونە پەرلەمانی عێراق، لەکاتێکدا 83 بازنەی هەڵبژاردن هەبوو و دەتوانرا نوێنەری زیاتر بنێردرێت بۆ پەرلەمان.
لە خولی شەشەمدا هەڵبژاردن بە فرەبازنەیی دەکرێت، عێراق بەسەر 18 بازنەدا دابەش کراوە، کورد لە خولی داهاتوودا بەدوای یەک بازنەیی دا دەگەڕێت، چونکە یەک بازنەیی بۆ هەڵبژاردن دەرفەت بۆ زیاترکردنی کورسیی کورد لە پەرلەمان زیاتر دەکات، لە سیستمی یەک بازنەییدا رێژەی بەشداریی کارای خەڵک سەنگی لایەنەکان و کورسییان دیاری دەکات، بە واتایەکی دیکە تاوەکو رێژەی بەشداری زیاتر بێت، کورسیی کورد لە پەرلەمانی عێراق زیاتر دەبێت.
پارتی تێبینیی لەسەر یاسای هەڵبژاردن هەیە
پارتی دیموکراتی کوردستان رژدە لەسەر گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی حیزبەکە دەڵێت، لە خولی نوێ کار بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن، دەبێت یاسایەکی سەردەمیانەش بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت.
جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای هەڵبژاردن یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی نوێنەرانیان، بە هاوبەشی لەگەڵ فراکسیۆنی دیکەدا، کارکردن دەبێت لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن."
لەبارەی پشتیوانیی سیاسییەوە بۆ هەوڵەکەیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، جەعفەر ئیمینکی دەڵێت، "دەردی ئێمە هاوبەشە لەگەڵ خەڵکی دیکە، بۆیە تێگەیشتنی باش لەسەر بابەتەکە هەیە، چونکە هەموو سیستمەکانی دیکە لەم سیستمەی عێراق باشترە و ئەوەی ئێستا هەیە بێسەروبەرە."
سەرۆک بارزانی لە یەکەم پەیامی لە دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان، یاسای هەڵبژاردنی ئێستای بە یاسایەکی نادادپەروەر ناوبرد و داوای کرد، "دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت."
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کێشەکانی سیستمی ئێستای هەڵبژاردنەوە دەڵێت، "سەرچاوەی ئامارەکانی هەڵبژاردنەکە پسولەی خۆراکە، بەڵام پسولەی خۆراک دەستکاریی زۆری تێدا کراوە، دەکرا لەجیاتی سەرژمێریی گەشەسەندن، سەرژمێریی دیمۆگرافی بکرێت و ببێتە سەرچاوەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێت، عێراق بەسەر 18 بازنەدا دابەش کراوە، بە گوتەی جەعفەر ئیمینکی، فرە بازنەیی بەبێ سەرژمێری ناکرێت، ''ئەگەر ئێستا پێداچوونەوە بکرێت، چوار کورسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت."
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی رەخنەی لە بەرپرسانی ئێستای عێراق گرت کە تاوەکو ئێستا عێراق بە کاتی بەڕێوەدەبەن، بۆیە ئەو گۆڕانکارییانە ناکەن.
لەبارەی دیزاینکردنی پێشوەختەی هەڵبژاردنیشەوە جەعفەر ئیمینکی دەڵێت، "گومانی دیزاینکردنی پێشوەختەی هەڵبژاردن ناکەین، بەڵام لەو شوێنانەی چاودێرییان نییە، رەنگە هەندێک لایەن بتوانن ساختەکاری بکەن."
دوایین هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان بە سیستمی چوار بازنەیی کرا، ئەوکاتیش پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانیی سیستمی یەک بازنەیی کرد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی حیزبەکە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی، "بۆ کوردستانیش پێویستمان بە یاسایەکی سەردەمیانە هەیە."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320یان گشتی و 9ی دیکەیان کۆتان.
یەکێتی بە یاسای هەڵبژاردن رازییە
رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی سێشەممە 21-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پێ دەکرێت، هەموو هێزە سیاسییەکان بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێی رازیبوون و دەنگیان پێداوە، هیچ گرفتێکی یاسایی تێدا نابینین."
سیستمی سانتلیگۆ 1 پۆینت 7، بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی نیگەران کردووە، بە گوتەی لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، "هیچ یاسایەکی هەڵبژادن نییە لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی نەبێت، بەڵام ئەو سیستمە وەک سیستمێکی گونجاو بۆ عێراق دیاریکراوە، مەرج نییە لە بەرژەوەندیی هەمووان بێت."
رزگار حاجی حەمە لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردنەوە گوتی، "هەموو هەڵبژاردنەکان بەم سیستمە کراوە، بۆیە گرفتێک لە بازنەکانی هەڵبژاردندا نابینن."
کۆمەڵ و یەکگرتوو دژی سیستمی سانتلیگۆن
ژمارەی کورسییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەپێی سیستمی سانتلیگۆ دابەش دەکرێت، کە رێگەیەكە بۆ دابەشكردنی دەنگی دەنگدەران بەسەر لیستە براوەكان.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەدوای ریزكردنی لیستە براوەكان لە ریزبەندیی خشتەیەك بەپێی ژمارەی دەنگە بەدەستهاتووەكان لەلایەن لیستەكان، دواتر دەنگی هەر لایەنێك بەسەر ژمارە 1 پۆینت 7 دابەش دەكرێت، لەدوای ئەویش بەسەر ژمارە تاكەكان.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەم سیستمە نیگەرانن و بە بەرژەوەندیی پارتە گەورەکانی دەزانن. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سیستمی سانتلیگۆ 1 پۆینت 7، لە بەرژەوەندیی پارتە گەورەکانە، پارتە گەورەکانی پەرلەمانی عێراق بە کورد و عەرەبەوە ئەو یاسایەیان لە بەرژەوەندیی خۆیان تێپەڕاندووە."
بە گوتەی بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، "ئەوان لە رابردوودا 12 تێبینیی یاساییان لەسەر یاسای هەڵبژاردن داوەتە پەرلەمانی عێراق، چونکە یاساکە زیانی بۆ پرۆسەی دیموکراسی هەیە، بەڵام گوێیان لێ نەگیراوە."
کۆمەڵ لە کارنامەکەیدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەکێک لە ئامانجەکانی بە کارکردن لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکردووە.
یەکگرتوو و کۆمەڵ بۆچوونیان وەکو یەکە لەسەر سیستمی سانتلیگۆ. سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "تێبینیی سەرەکیمان لەسەر سیستمی سانتلیگۆیە، چونکە لە بەرژەوەندیی پارتە گەورەکان کورسییەکان یەکلایی دەکاتەوە."
رەوتی هەڵوێست رێژەی ژنان بە کەم دەزانێت
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 25%ی ژمارەی کۆی کورسیییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ کۆتای ژنانە، رەوتی هەڵوێست ئەو رێژەیە بە کەم دەزانێت.
ئیدریس محەممەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی رەوتی هەڵوێست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەمانەوێت رێژەی ژنان بەرز بکرێتەوە، بە شێوەیەک کە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بێت، کە رێژەکەی 33%ی کۆی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە."
سیستمی سانتلیگۆ و شێوازی هەڵبژاردنەکەش جێگەی تێبینیی رەوتی هەڵوێستە. بە گوتەی بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی رەوتەکە، دەکرێت شێوازی دەنگدان بێگەردتر بێت تاوەکو رێگری لە ساختەکاری بکرێت.
"بەرەی گەلەکەمان" بە ژماردنی ئەلیکترۆنی رازی نییە
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، زۆرینەی پرۆسەی هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت. بورهان رەشید، سەرلیستی "بەرەی گەلەکەمان" بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دیاریکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی، لەنێویاندا ژماردنی دەنگدان بە شێوەی ئەلیکترۆنی، هەڵەیە و رێگەیەکە بۆ ساختەکاری؛ هەربۆیە لایەنە شیعەکان و لایەنی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی دەکەن."
سەرلیستی "بەرەی گەلەکەمان" باسی لەوەش كرد، دابینکردنی کەرەستە لۆجیستییەکانی هەڵبژاردنەکە "بەپێی یاسا دابین نەکراون، ئەو کۆمپانیا کۆرییەی ئامێرەکانی دابینکردووە ناو و ناونیشانی نییە."
هاوشێوەی کۆمەڵ و یەکگرتوو، "بەرەی گەلەکەمان" دژی سیستمی سانتلیگۆیە، سیستمەکە بە دژی پارتە بچووکەکان و لە بەرژەوەندیی پارتە گەورەکان دەزانێت.
بەربژێرانی کۆتاش نیگەرانن
بەشێک لە پێکهاتەکان لە سیستمی هەڵبژاردنەکە نیگەرانن. سامی ئۆشانە گۆرگیس، بەربژێری کۆتای کریستیان لە دهۆک لەبارەی شێوازی دەنگدانەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆر هەڵەیە، بەربژێر هەیە لە بەغداوە دێت خۆی بۆ کورسیی کۆتاکان لە دهۆک بەربژێر دەکات، کەسانی دەرەوەی پێکهاتەی کریستیانیش دەتوانن دەنگی پێبدەن."
ساڵی 2021 بزووتنەوەی بابلیۆن بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی، توانی زۆرینەی کورسیی کریستیانەکان لە عێراق بباتەوە و لە کۆی 5 کورسی 4 کورسی بەدەستهێنا.
بەربژیرەکەی کۆتای کریستیان بە ئاماژەکردن بۆ هەڵبژردنی ساڵی 2021ی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوە کرد، سیستمی هەڵبژاردنەکە ململانێکانی قورستر کردووە، هەندێک "میلیشیا" لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن شەڕ لەسەر کورسییەکانی هەولێر و دهۆک دەکەن، ئەوەیش بەهۆی هەڵەکانی یاساکەوە.
یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگدەرانی پێکهاتەکانی جیانەکردووەتەوە، بەڵکو هەموو ئەو هاووڵاتییانەی مافی دەنگدانیان هەیە، دەتوانن دەنگ بە بەربژێری کورسیی کۆتا بدەن. بە گوتەی سامی ئۆشانە گۆرگیس، ئەوان داوایان کردووە تەنیا پێکهاتەکان مافی دەنگدانیان بە کورسیی کۆتا هەبێت و تەنیا دەنگدان بۆ پێکهاتەکانیش یەک بازنە نەبێت تاوەکو مافی پێکهاتەکان پارێزراو بێت، بەڵام داواکەیان رەتکراوەتەوە.
بەربژیرەکەی کۆتای کریستیان ئامانجیەتی دوای سەرکەوتنی بۆ پەرلەمانی عێراق بتوانێت پشتیوانی کۆبکاتەوە و کار بکات بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سیستمی کۆتا لە عێراق سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە رەتیان کردووەتەوە بە شێوەی کۆتا بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.
بەرەی تورکمانیی عێراق لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک بە لیستی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن دەکات؛ لە بازنەکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و بەغدا بەربژێری لەنێو لیستەکانی دیکەدا هەیە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی سەبارەت بە سیستمی هەڵبژاردنەکە و دەنگدان گوتی، "پێکهاتەکان لەگەڵ یەک بازنەی هەڵبژاردن نین، دەیانەوێت سندووقی تایبەتیان هەبێ کە پێکهاتەکان بە تایبەتی دەنگ بدەن."
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە، 9 کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراون، کورسییەک بۆ کوردانی ئێزدی لە نەینەوا، کورسییەکی دیکە بۆ کوردانی شەبەک لە هەمان پارێزگا، یەک کورسی بۆ کوردانی فەیلی لە واست، یەک کورسی بۆ سابیئەی مەندائی لە بەغدا و 5 کورسییش بۆ کریستیانەکان.
5 کورسییەکەی کریستیانەکان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک، نەینەوا و بەغدا دابەشکراون، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، دەنگدەران لە سەرانسەری عێراق دەتوانن دەنگ بە بەربژێرانی کۆتای کریستیانەکان بدەن، ئەمەش کێبڕکێکەی گەرمتر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ