رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێکی دانیشتووانی هەولێر سوپاسی کردن لە بەرامبەر هەڵوێستی خەڵکی شارەکە لە کاتی ئەنفالی بارزانییەکان و رایگەیاند، ئەو شارە "پەناگەی لێقەوماو و ئازادیخوازانە." هەروەها دووبارە جەختی کردەوە کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، حکومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.
سەرۆک مەسعود بارزانی رۆژی سێشەممە (21ی تشرینی یەکەمی 2025) لەگەڵ بەشێک لە کەسایەتی و دانیشتووانی شاری هەولێر کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستە سەر چەندین تەوەر، لەوانە گرنگیی هەولێر، هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێکەوەژیان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە سەرەتای گوتەکانی دا، سەرۆک بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە کۆبوونەوەکە دەربڕی و جەختی لەسەر پێگەی مێژوویی و ئێستای هەولێر کردەوە. راگەیاند: "کاتێک باسی هەولێر دەکرێت، واتە باسی مێژووی چەند هەزار ساڵەی ئەم وڵاتە دەکرێت. ئەمڕۆ هەولێر پایتەختە و جێگە و پەناگەی هەموو لێقەوماوێک و هەموو ئازادیخوازێکە."
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و بە گرنگییەوە باسی لێوە کرد. گوتی: "هەر هەڵبژاردنێک گرنگە و بە نیسبەت ئێمە شتێکی مەبدەئییە و بڕوامان بەوە هەیە کە میللەت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، هەر وەک لە مانگی ئاداری 1991 لە کاتی راپەڕین لە کۆیە داوام کرد هەڵبژاردن بکرێت و میللەت بڕیاری خۆی بدات."
سەرۆک بارزانی داوای کرد هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کەشێکی ئارامدا ئەنجام بدرێت. هەروەها تیشکی خستە سەر قۆناخەکانی هەڵبژاردن لە عێراق لە ساڵی 2005وە تائێستا و، سەرەڕای خستنەڕووی سەرنج و تێبینییەکانی لەسەر یاسای ئێستای هەڵبژاردن لە عێراق، دووپاتی کردەوە کە "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەین و هیوادارین دوای ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری بکرێت و خەڵکێک بێت کە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و چارەسەری کێشەکان بکرێت."
سەرۆک بارزانی بە ئامادەبووانی راگەیاند: "هەڵوێست و رای ئێوە زۆر گرنگە و ئێوە خۆتان هەموو شتێک لەبەر چاوتانە و ئەوەی بە باشی دەزانن بۆ هەولێر و کوردستان و عێراقیش، ئێوە ئەو بڕیارە بدەن."
لەبارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە: "پڕۆژەی زۆر کراوە، ئەمە منەتی تێدا نییە و ئەمە ئیشی حکومەتە. پارتی بۆ ئەوە دروست بووە خزمەتی ئەم میللەتە بکات، پارتی هەر چی بیکات بۆ ئەم میللەتە و بۆ هەولێر هێشتا کەمە."
هاوکات سەرۆک مەسعود بارزانی ستایشی هەڵوێستی خەڵکی هەولێری کرد لە کاتی پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکان و ئەنفالی ساڵی 1988 و باسی لەوەکرد: "هیچ کات لوتفی خەڵکی هەولێر لەبیر ناکرێت و هەتا ماوین قەرزداری ئێوەین." هەروەها، هەولێری وەک شاری پێکەوەژیان وەسف کرد: "هەولێر شاری پێکەوەژیانە، فەرهەنگی پێکەوەژیان فەرهەنگێکی دەوڵەمەندە و ئێمە پێی سەربەرزین و بەهێزترین چەک بووە بەدەست ئێمە لە دەرەوە و لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کە شانازیی پێوە دەکەین و دەبێ ئەم فەرهەنگە بۆ نەوەکانی داهاتوو قووڵتر و بەهێزتر بکرێت."
سەرۆک بارزانی جەختی لە بەردەوامیی برایەتی و پێکەوەژیان کردەوە و ئاماژەی بە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول کرد کە عەرەب و مەسیحی و تورکمان لە سەرکردایەتیی شۆڕشدا بوون.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "وامان دەبینی دوای 2003 دەرفەتێکی زێڕین بێتە پێش کە هەموو تاکێکی عێراقی بە ماف و ئەرکی خۆی بگات، بۆیە چووینە بەغدا و بە هەموو نییەتێکی پاک هەوڵماندا تا گەیشتینە ئەو قۆناغەی دەستوور ئامادە کرا لە ساڵی 2005 کە بۆ ئەو کات و ئێستا و ئاییندەش بەشی ئەوە شتی ئیجابی تێدایە کە کاری پێ بکرێت و سوودی لێوەربگیرێت. ئێمە پشتگیری ئەو دەستوورە دەکەین، بەڵام بەداخەوە لەلایەن حکومەتی بەغداوە جێبەجێ نەکرا. ئێستاش زۆر شت کە پەیوەندی هەیە بە هەرێمی کوردستانەوە بە یاساکانی سەردەمی رژێمی بەعس حوکم دەکەن."
سەرۆک بارزانی داوای گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراقی کرد و هیوای خواست کێشەکان چارەسەر بکرێن و چیدی مافەکانی دەستووری و یاسایی خەڵکی کوردستان پێشێل نەکرێن. هەروەها تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی کورد بۆ چەسپاندنی مافی پێکهاتەکان لە دەستووردا و راگەیاند: "ئەگەر کورد نەبووایە بە نیاز نەبوون ئەو بڕگەیە لە دەستووردا بچەسپێنن."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک بارزانی دووبارە جەختی کردەوە کە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.
هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەت دروستکردنی بەنداوەکان کە کاریگەریی زۆریان دەبێت لە پاراستنی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو لە داهاتوودا.
لە کۆتاییدا، سەرۆک بارزانی دووبارە سوپاسی ئامادەبووانی کرد و رایگەیاند: "لە هەولێری و هەولێرییان فێری رەوشت و مرۆڤدۆستی و مەردایەتی دەبین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ