لە بەرنامەی بێستوون تۆک؛ شاخەوان عەبدوڵڵا پەیامێکی گەنجانی عێراق دەگەیێنێتە سەرۆک بارزانی

21-10-2025
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکەم بەرنامەی بێستوون تۆک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووکەوە پێشکێش کرا، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکە و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق میوانی بەرنامەکە بوو، وەڵامی پرسیارەکانی رووداو و دەیان گەنجی لە نەتەوە جیاوازەکانی کەرکووک دایەوە.
 
بەرنامەکە لەسەر قەڵای کەرکووک بە بەشداریی گەنجانی پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان تۆمار کرابوو، بەشی زۆری بەشداربووان جلوبەرگی نەتەوەییان پۆشیبوو.
 
"داوا دەکەین سەرۆک بارزانی ببێتە میوانی گەنجان"
 
گەنجان لە هەر 19 پارێزگاکەی عێراق لە بەرنامەکەوە داواکارییەکیان بە واژۆی خۆیانەوە ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی کرد، تاوەکو لە بەرنامەکەوە ببێتە میوانی گەنجانی عێراق و هەرێمی کوردستان. شاخەوان عەبدوڵڵا بەڵێنی دا ئەو داواکارییە بەناوی گەنجانەوە و بە متمانەوە بگەیێنێتە سەرۆک بارزانی.
 
"جێبەجێکردنی مادەی 140"
 
شاخەوان عەبدوڵڵا لە دەستپێکی بەرنامەکەدا باسی قۆناخەکانی مادەی 140ی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان کرد و رایگەیاند، "مادەی 140ی دەستوور لە سێ قۆناخ پێکهاتووە، بەهۆی سیاسەتی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە کە دوای 2003 دروست بوون، تاوەکو ئێستا ئێمە لە قۆناخی یەکەمی جێبەجێکردن داین."
 
قسەکانی شاخەوان عەبدوڵڵا لە وەڵامی یەکەم پرسیاری بەرنامەکە بوو کە لەلایەن گەنجێکی کەرکووکییەوە بەناوی رۆژگار یاسین ئاڕاستەی کرا و پرسی، "کەی مادەی 140 جێبەجێ دەکرێت؟"
 
سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی وەڵامەکەیدا بۆ ئەو گەنجە گوتی،" ئێمە دەمانەوێت ئەو مادەیە بەردەوام زیندوو بێت، هەر بۆیە خولی پێنجەم دوای 12 ساڵ لیژنەی جێبەجێکردنی مادەکەم کارا کردەوە و خۆشم بوومە سەرۆکی لیژنەکە."
 
روونیشی كردەوە، "یاسای بودجەی عێراق کە بۆ سێ ساڵە، بڕی 200 ملیار دیناری بۆ قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تەرخان کرد تاوەکو قەرەبووکردنەوە دەستپێبکاتەوە."
 
باسی لەوەش کرد، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشووی عێراق و گێڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنەکانیان یەکێکی دیکە بووە لە هەنگاوەکان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووردا.
 
 
جەختیشی کردەوە، "مادەی 140 زیندووە و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی بەردەوامە لە قەرەبووکردنەوە تاوەکو دەگاتە گێڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان."
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، بەشێکی کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی تایبەت بووە بە مادەی 140 و کەرکووک، "بەڵام وەک هەموو کاتێک تەنیا نووسین بووە و جێبەجێ نەکراوە."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا لە بەرنامەکەدا بەڵێنیدا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تاوەکو لە چوار ساڵی داهاتوودا راپرسی بۆ جێبەجێکردنی تەواوەی مادەی 140 بکرێت، بەڵام بە مەرجێک هەلومەرجی سیاسی لەبار بێت. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا هەر لەو بەرنامەیەدا بەڵێنیدا رەزامەندی وەربگرێت و ئاڵای کورستان بۆ دەست پەیکەری پێشمەرگە بگەڕێنێتەوە کە لە ساڵی 2017 لێی کراوەتەوە. 
 
کەی دۆخی کەرکووک ئاسایی دەکرێتەوە؟ 
 
پرسی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک یەکێکی دیکە بوو لە مژارەکانی گفتوگۆی بێستوون عوسمان و میوانەکەی، شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەکرد، "دۆخی کەرکووک بەراورد بە 2021 کەمێک ئاسایی بووەتەوە، بەڵام ئەوە ئاسایی بوونەوە نییە، بەڵکو ئەو کاتە دۆخی کەرکووک ئاسایی دەبێتەوە کە لە دەرەوەی کەرکووکەوە حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکنەهێنرێت، میلشیای تێدا نەبێت و خەڵک ئازاد بێت."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا بڕوای وایە، "دۆخی کەرکووک کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، بۆیە هەر کات کەرکووک سەقامگیر بێت هەموو عێراق سەقامگیر دەبێت."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا لە وەڵامی پرسیاری گەنجێکی عەرەب کە لەبارەی گوتاری تووندی نەتەوەییەوە پرسیاری کرد، گوتی،" هەر کات دەستوور وەک خۆی جێبەجێ کرا، گوێبیستی ئەو جۆرە گوتارانە نابین لەلایەن هیچ پێکهاتەیەکەوە،  كێشەکانی کەرکووک بە پشت بەستن بە دەستوور چارەسەر دەبن."
 
"سەرۆک بارزانی پێداگیر بوو لەسەر مافەکانی تورکمانی"
 
نوورا غالب، چالاکڤانێکی نەتەوەی تورکمانە و یەکێک بوو لەو گەنجانەی بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشداری بەرنامەکەی کردبوو، پرسیارەکەشی بۆ شاخەوان عەبدوڵڵا تایبەت بوو بە پرسی پێکهاتەکان و پرسی: برایانی کورد چوار پۆستی وزاریان هەیە وەک مافی خۆیان، بەڵام تورکمانەکان نە پۆستی وزارییان هەیە و نە لە کۆمیسیۆن نوێنەریان هەیە، بۆچی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوای مافی ئێمەت نەکردووە؟
 
شاخەوان عەبدوڵا لە وەڵامدا رایگەیاند، "ئێمە پشتیوانی مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەین، سەرۆک بارزانی لە کاتی نووسینەوەی دەستوور پێداگربوو لەسەر مافەکانی پێکهاتەی تورکمان."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشتیوانیی خۆی و حیزبەکەشی بۆ پێکهاتەی تورکمانی راگەیاند، تاوەکو پۆستی وزارییان هەبێت و لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش نوێنەرییان هەبێت.
 
"لە کەرکووک مەترسی لەسەر دەنگەکانی کورد هەیە" 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا لە وەڵامی پرسیارێک تایبەت بە پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک باسی گرنگیی پێکەوەیی کورد کرد و گوتی،" ئەگەر ئێمە خەریکی ململانێی یەکتر بین دۆخمان لەوە خراپتر دەبێت، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کورد نیوەی دەنگەکانی بەدەستنەهێناوە و مەترسی لەسەر دەنگەکانی هەیە."
 
باسی لەوەش کرد، دەبێت کورد لەم هەڵبژاردنەدا هەوڵ بدات پارێزگاری لە شەش کورسییەکەی بکات، یاخود زیاتری بکات. جەختیشی کردەوە، چاویان لەوەیە رۆژێک پارتی لە کەرکووک هێزی یەکەم بێت تاوەکو دۆخی خەڵکەکەی خۆشتر بێت.
 
"یەکێتی ئامادە نەبێت پۆستی پارێزگار رادەست بکاتەوە پارتی پشتگیریی دەکات"
 
هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک یەکێکی دیکە بوو لە مژارەکانی بەرنامەکە و شاخەوان عەبدوڵڵا سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک گوتی، "پارتی هەرگیز ئامادە نەبووە بەبێ یەکێتی حکومەتی خۆجێیی لە کەرکووک دروست بکات، سەرۆک بارزانی دەیویست کوردێک ببێتە پارێزگار نەک پارتییەک."
 
باسی لەوەش كرد، ئەگەر دوای 1ی کانوونی دووەمی 2026 یەکێتی بڵێ پۆستی پارێزگار رادەست ناکاتەوە، پارتی پشتگیری دەکات و سەرۆک بارزانی ناهێڵێت رێبوار تەها لە پۆستی پارێزگار لابدرێت.
 
بەرنامەی بێستوون تۆک 
 
بەرنامەی بێستوون تۆک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکێش دەکرێت و تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت. شەوانە کاژێر 23:00 لە شاشەی رووداو و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی رووداوەوە بەرنامەکە پەخش دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.