رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسانەی لە کەرکووک تەقەیان لە ئۆفیسی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد، دەستگیرکران.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، رۆژی سێشەممە، 21-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 21-11-2023، بە تۆمەتی تەقەکردن لە نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک، سێ کەس دەستگیرکران و لەلایەن پۆلیسی کەرکووکەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی نەبوو و ئەوانەشی دەستگیرکراون هەرسێکیان کوردن.
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق، رۆژی سێشەممە، 21-11-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئاژانسی هەواڵگری لە پارێزگای کەرکووک زانیارییان بەدەست گەیشت کە گرووپێکی سێ کەسی تەقەیان لە نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کردووە لە کەرکووک، دەستبەجێ لیژنەیەکی هەواڵگری و تەکنیکیان پێکهێنا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری.
ئاژانسەکە دەڵێت، "دوای دەستکەوتنی زانیاریی پێویست، هێزەکانیان سێ کەسیان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل و چەکی جۆری دەمانچەدا گرت. لەکاتی لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدانا کە هێرشیانکردووەتە سەر نووسینگەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و تەقەیان لێکردووە."
ئاژانسی هەواڵگری جەخت لەوە دەکاتەوە، گوتە لەو کەسانە وەرگیراوە و رەوانەی لایەنی پەیوەندارکراون بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
رۆژی 20-11-2023 لە راگەیێندراوێکدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەدا تەقە لە نووسینگەی کەرکووکمان کرا"؛ تەقەکەرەکان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کامریدا بوون و هەڵهاتن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، شاخەوان عەبدوڵڵا داوای لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کرد ئەنجامدەرانی کردەوەکە بدۆزنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ