قایمقامی مەخموور: لە ناوەندی قەزاکەمان 100٪ـی تۆماری خێزانەکان تەواو بووە

21-11-2024
پەیمان محەممەد
 رزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور
رزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
قایمقامی مەخموور دەڵێت، ئەگەرچی لە ناوەندی قەزاکەی 100٪ـی تۆماری خێزانەکان تەواو بووە، بەڵام لە بەشێکی ناحیەکانی گوێڕ و کەندێناوە پڕۆسەکە بەردەوامە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئێستا لە قەزای مەخموور و ناحیەکانی، لە کۆتایی پڕۆسەی تۆمارکردنی خێزانەکانداین بۆ سەرژمێری''.
 
رزگار محەممەد گوتی، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەخموور و دەوروبەری کە پێشووتر بە هەر هۆکارێک شوێنی بنچینەیی خۆیان جێهێشتبوو، بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە و ناوی خۆیان لەسەر مەخموور تۆمار کردووە.
 
ئەگەر کاتەکەی درێژ نەکرێتەوە، کاژێر 12ـی ئەمشەو، دوایین وادەیە بۆ تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریدا. قایمقامی مەخموور ئاماژەی بەوە کرد، ''بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتوون، کارەکانی مەیدانیی بژمێرەکان بەرەو کۆتایی دەڕوات و پڕۆسەکە لە هەندێک شوێن 100٪ تەواو بووە؛ ئەوەی کە ماوەتەوە، ناردنی زانیارییەکانە بۆ بەغدا".
 
بەگوتەی رزگار محەممەد، لە ناحیەی قەراج، ناحیەی مەلاقەرە و ناوەندی قەزای مەخموور و گوندەکانی، 100٪ـی خێزانەکان لە سەرژمێریدا تۆمار کراون، ''بەڵام لە گوێڕ و بەشێکی کەم لە ناحیەی دیبەگە (کەندێناوە) بە تایبەتی لە کەمپی ئاوارەکان، تۆمارکردنی خێزانەکان بەردەوامە".
 
لە کاتی تۆماری خێزانەکان لە هەندێک گوند و گەڕەکەکانی قەزای مەخموور گرفتی تەکنیکی و هونەری لە تابلێتەکاندا هەبوو؛ قایمقامی مەخموور ئاماژەی دا، گرفتەکان بەتایبەتی لە گوندەکانی سنووری ناحیەکانی دیبەگە و مەلاقەرە دەبینران، بەڵام بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری نەینەوا، توانرا چارەسەر بکرێن و هیچ کەسێک لە پڕۆسەکە دوانەخرا و هەموویان تۆمار کران".
 
دوای قۆناخی تۆماری خێزانەکان، ئەمشەو قەدەخەی هاتووچۆ کۆتایی دێت و دواتر قۆناخی چوارەمی سەرژمێری دەستپێدەکات کە فۆڕمێکە و زیاتر لە 70 پرسیاری تێدایە. بەگوتەی سیروان محەممەد، ئەو قۆناخە لە هەرێمی کوردستان، دوای راهێنانێکی پێنج رۆژە بە بژمێرکان، لە 27ـی مانگدا دەستپێدەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.