رووداو دیجیتاڵ
قوتابییانی گوندێکی سیدەکان رۆژانە دەبێت یان بەنێو ئاودا یان بەسەر پردێکدا کە هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نییە، هاتووچۆ بکەن.
ئەو گوندە "دۆرە ملکە" لە سنوری قەزای سیدەکان، کە 10 ساڵە پردی گەیشتن بە گوندەکە بەهۆی باران و لافاو رووخاوە و تائیستا چاک نەکراوەتەوە.
سدیق ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی گوندەکەیە و دەڵێت، "گوندەکە 25 ماڵ بوو، 13یان رۆشتوون و ئەوەندە ماڵەی ماویشن دەڕۆن و گوندەکە چۆڵ دەکرێت، 10 ساڵە لەم دۆخەداین، ئەو پردە جارێک ئاوبردی و بە یەک داوە سیم دەپەڕینەوە، زۆر دۆخمان خراپە".
پردە رووخاوەکە رێگەی هاتن و چوونی نێوان قەزای سیدەکان و مێرگەسووریش بوو، بە نەمانی هاتن و چوون لە نێوان ئەو دوو قەزایە لە نیوکاژێرەوە بووەتە زیاتر لە دوو کاژێر.
هەر رێگە نا، بەڵکو هیچ هێڵێکی پەیوەندیش لەو گوندە کار ناکەن و لە سێ مانگی وەرزی زستان هەر کێشەیەکیان تووش ببێت هاوار و بانگیان ناگاتە کەس.
فرزندە محەممەد، هاونیشتمانییەکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت، "لێرەوە ئەرزاق و قلینە و ئەشیای خواردن دەبێت بەدەست بپەڕێنینەوە ئەوبەر، ئۆتۆمبێلەکان هەموو لەو بەرەی رووبار رادەگرین، پێشتر کە پردەکە هەبوو لێرە دەگەیشتینە سۆران بە 20 خولەک، ئێستا کە پردەکە نەماوە بە یەک کاژێر و نیو دەگەین".
هاونیشتمانیان گەراجی ئۆتۆمبێلەکانیان لەوبەری رووبار و دوور لە ماڵەکانیان دروستکردووە.
قوتابیانی گوندەکە بە ناچاری بەسەر پردێکی مەترسیدار رۆژانە هاتووچۆ دەکەن.
تا ئێستا دووجار حکومەت دەرخستەی دروستکردنی پردی گوندەکەی ئامادەکردووە، بەڵام رەزامەندیی خەرجکردنی پارەی بۆ دەرنەچووە.
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان باس لەوە دەکات، "نزیکەی 650 ملیۆنی پێویستە بۆ ئەوەی پردەکە چاک بکەینەوە، دیزاین و دەرخستەی هەیە، بەڵام چاوەڕێی رەزامەندیین کە وەربگیرێت، لە ئێستادا جگە لە گرفت بۆ هاووڵاتیانی گوندەکە، بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتن و چوون لەنێوان قەزای سیدەکان و ناحیەی پیران لە سنوری مێرگەسوور".
هەر رێگەی ئەو گوندە نا، بەڵکو رێگای زیاتر لە 20 گوندی دیکەی ئەو سنوورە خراپ و وێرانن و پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ