رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا 584 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە و "بۆ خێزانەکان و کۆمەڵگەش لێکەوتەی قەرەبوونەکراوی دەبێت."
محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا 584 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە، هۆکاری 70%ی رووداوەکانی هاتووچۆ هەڵەی مرۆیی و شۆفێرەکان بووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش دەبێت ئاستی وشیاریی شۆفێرەکان بەرز بکرێتەوە.
پارێزگاری ورمێ پێیوایە، وشیارکردنەوە و زیاترکردنی چاودێرییەکان رۆڵی گرنگیان بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ هەیە و لە پرۆژە یاسای ساڵی داهاتووی هەتاویدا دەبێت بودجەی تایبەت بۆ دابینکردنی کامێرای چاودێری تەرخان بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موعتەمدیان ئاماژەی بەوە کرد، بۆ پابەندکردنی شۆفێرەکان بە یاسا و رێوشوێنەکان، بۆشایی هەیە و لەم بوارەدا دەبێت "بە خێرایی سەرمایەگوزاری بکرێت و سەرمایەگوزارییەکەش کاریگەر بێت."
هۆکارەکانی وەکو خراپیی رێگەوبان، کوالێتی نزمیی ئۆتۆمبێلەکان، رەچاونەکردنی رێوشوێنەکان، خەواڵوبوون، خێرایی و کەمتەرخەمی لە کاتی شۆفێریدا وەکو هۆکارەکانی رووداوەکانی هاتووچۆدا لە قەڵەم دەدرێن. موعتەمدیان دەڵێت، "ئەم رووداوانە، بۆ خێزانەکان و کۆمەڵگەش لێکەوتەی قەرەبوونەکراوی دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ