سەعدی پیرە: پێمانباشە بایکۆت کۆتایی بێت

22-01-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حیزبەکەی کرد و گوتی، باسیان لە بایکۆتی مامۆستایان کردووە و پێیان باشە کۆتایی بێت. گوتیشی، بە مافی خۆیانی دەزانن پارێزگاری کەرکووک یەکێتی بێت.
 
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان یەکەم کۆبوونەوەیان بووە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان. گوتیشی، بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکانی باشووری کوردستان و عێراق، لەگەڵ پارتی، تورکمان و عەرەب گفتوگۆ دەکەن.
 
سەعدی پیرە گوتی، "ئێمە لە کەرکووک وەکو هێزی یەکەمین لە ئەنجامی هەڵبژاردن بە مافی خۆمانی دەزانین لە دانان و بڕیاردان لە دانانی پارێزگاری کەرکووک رۆڵی سەرەکیمان هەبێت و پارێزگاری کەرکووک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت؛ هەموو لایەنەکانیش لە دامودەزگەکانی دیکە بەشداری بکەن".
 
گوتەبێژی یەکێتی گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسیان لە کاری مەکتەبەکانی یەکێتی کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، بەگوێرەی راسپاردەی کۆنگرە دەبێت مەکتەبەکان کۆنفرانسی خۆیان بکەن، لەو چوارچێوەیەدا مەکتەبی راگەیاندنیان کۆنفرانسی خۆیان کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا مەکتەبی رێکخستن کۆنفرانسی خۆیان دەکەن.
 
سەعدی پیرە گوتیشی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدا باسیان لە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و ئامادەن و ئامادەکاریشیان بۆ هەڵبژاردن کردووە.
 

 
تاوەکو ئەمڕۆ کە چوار مانگ بەسەر دەستپێکردنی ساڵی 2023 – 2024ـی خوێندندا تێپەڕیوە، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە خوێندن بە تەواوی دەستیپێنەکردووە. سەعدی پیرە گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتیدا باسیان لە بایکۆت و کێشەکانی مامۆستایان و کارمەندانی دیکەش کردووە.
 
گوتەبێژی یەکێتی باسی لەوە کرد، "بابەتی مووچە بە گرنگ دەزانین و بەگرنگ دەزانین فەرمانبەران و مامۆستایان مووچەی خۆیان هەبێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ بایکۆت نین.. پێمانوایە ئەمە کۆتایی پێبێت باشە".
 
لەبارەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەعدی پیرە دەڵێت، باس لە 19ـی مانگی ئایار کراوە بۆ کردنی هەڵبژاردن، بەڵام بۆ یەکلاکردنەوەی رۆژەکە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی دەوێت لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆمپانیای نەوتی باکوور

بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور: زیانە مادییەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمڕۆ زۆر کەم بوون

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە وێستگەیەکی گازی کەرکووک کەوتەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور کە وێستگەکە لە سنووری سەرپەرشتیی کۆمپانیاکەیدایە، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە و ئاگرکەوتنەوەکە لە بۆرییەکی بچووکی وێستگەکە بووە.