کۆمیسیۆن لە 19 بۆ 30ـی ئایارى وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشنیاز کردووە

22-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

خشتەى کارى نوێى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، 30 بۆ 45 رۆژ دەخایێنێت، بۆ رۆژى هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن لەگەڵ ئەوەدایە لە نێوان 19 بۆ 30ـی ئایار بێت.
 
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، خشتەى کارى نوێى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان مانگێک بۆ 45 رۆژ دەخایێنێت کە ئێستا لە بەردەستى ئەنجوومەنى کۆمیسیاراندایە.
 
سەرەکیترین هەنگاوەکانى ئامادەکاریى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەو خشتە نوێیەى کارى کۆمیسیۆندا، پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران و دواتر چاپکردنى فۆڕمى دەنگدانە بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
 
بە گوێرەى خشتەى کارى پێشووى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبوو تاوەکو 4ـى کانوونى یەکەمى 2023 ناوى بەربژێران رادەست بکرێت بۆ وردبینیکردنیان و لە 7ـی هەمان مانگ بە تیروپشکى ژمارەى لیستە بەشداربووەکانى پەرلەمانى کوردستان بکرایە، تاوەکو 12ـی کانوونى یەکەمى 2023،  فۆڕمى دەنگدان دروست بکرایە، بەڵام بە پاساوى سەرقاڵى بە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و نەبوونى پارەى پێویست کۆمیسیۆن ئەو هەنگاوانەى نەناوە.
 
بە گوێرەى زانیارییەکانی رووداو، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق پێشنیازى کردووە رۆژى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە نێوان 19 بۆ 30ى ئایارى 2023 بێت.
 
رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆن، کۆبووەوە، بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق چاوەڕێى ئەنجامى ئەو سکاڵایەکە کە لە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش بە دادگەى باڵاى فیدراڵى کراوە کە 21ـی کانوونى دووەم دانیشتنێکى دیکەى لەسەر کرد و دواى خست بۆ 4ـی شوباتى 2023.
 
بە گوێرەى هەموارى یاساى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، وادەى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بۆ ماوەى شەش مانگ درێژکراوەتەوە کە لە 7ـی مانگى تەمووز کۆتایی دێت، لەکاتێکدا ئەو ئەنجوومەنە مافى پەسەندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەیان هەیە.
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە کۆمیسیۆن بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگى ئایار هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت دەرفەتى ئەوەیان دەبێت بەر لە کۆتایی وادەى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران رێکارەکانى دواى هەڵبژاردن و پەسەندکردنى ئەنجامەکانى بگرنەبەر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 وێنەکە لە بەنامەکەوە وەرگیراوە

بەرپرسیاری رەمەزان؛ باوکی 3 منداڵ بە یەک قاچەوە قوتوو و کارتۆن کۆدەکاتەوە

خۆشناو عەبدولڕەزاق، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی کەمئەندامە لە هەولێر، کە بە یەک قاچەوە ناچارە کارتۆن و قوتووی بەتاڵ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خێزانە پێنج کەسییەکەی دابین بکات. ئەو رۆژانە کەمتر لە 5 هەزار دیناری دەستدەکەوێت، لە کاتێکدا مانگانە 200 هەزار دینار کرێی خانووەکەی دەدات.