رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات و بەردی بناخەی رێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوت دادەنێت.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمەکە کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ دەبێت.
شاهین حەمەڕەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە رووداوی گوت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان یاوەریی مەسرور بارزانی دەکەن لە سەردانەکەیدا.
پردی تووەقوت پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە.
پردی تووەقوت پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە.
شەممەی رابردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبکردنی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی پڕۆژەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی دیکە لە پلانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران ئەوەیە دەچێتە پارێزگای هەڵەبجە و لەوێ کۆبوونەوەیەکی دەبێت، پاشان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ دەکات.
دوایین وێستگەی سەردانەکەیشی لە پارێزگای هەڵەبجە، مەسرور بارزانی کارگەیەک دەکاتەوە.
کارگەکە سەر بە کەرتی تایبەتە و لە بنەڕەتدا کارگەی رۆنی زەیتوون بووە، ئەوەی ئەمڕۆ دەکرێتەوە پلانی فراوانبوونەکەیەتی و دەبێتە کارگەی خۆراکی راسان. وەکو پەیامنێری رووداو باسی کرد، هەلی کار بۆ زیاتر لە 300 کەس لە سنوورەکە دەڕەخسێنێت.
لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجەش، مەسرور بارزانی پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجە رادەگەیێنێت. سازگار سەڵاح گوتی، ئەمڕۆ تەنیا بڕیاری پێدانی ژمارەکان رادەگەیێندرێت، لە رۆژانی داهاتووشدا چۆنیەتی دابەشکردنەکەی و میکانیزمەکەی لە پارێزگای هەڵەبجە رادەگەیێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ