شاخەوان عەبدوڵڵا: ئیدارەی نوێی ئەمریکا بڕیاری گرنگی لەسەر عێراق و ئێران دەبێت

22-02-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ''لەوانەیە سەبارەت بە عێراق، ئێران و ناوچەکە لە بەردەم کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی سیاسی و ئابووریی ئیدارەی نوێی سەرۆک ترەمپدا بین''؛ گوتیشی، ئەمریکییەکان بە گرنگییەوە دەڕواننە کەرکووک و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
 
ئەمڕۆ (شەممە 22-02-2025) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکدا لەژێر ناوی ''ئێستا و ئاییندەی کەرکووک'' کە لەلایەن زانکۆی سۆرانەوە لە هەولێر بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''بەهۆی دەوڵەمەندیی کەرکووک بە سەرچاوە رۆشنبیری، کانزایی و سرووشتییەکانی، بەردەوام جێگەی ناکۆکی و ململانێی وڵاتە زلهێزەکان بووە، بەداخەوە هەمووکات رووبەڕووی سیاسەتی تەعریب، داگیرکاری و گۆڕانکاریی دیموگرافی بووەتەوە.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، ''سڕینەوەی ئاسەواری رژێمە یەک لەدوای یەکەکان [لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان] ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکە، بۆ ئەوەی بتوانین خەڵکی ئەو ناوچانە بگەڕێنینەوە شوێنی خۆیان و ماف بۆ خاوەن مافەکان بگەڕێنینەوە.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە بە سەردانێکی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو و هەر ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە هەولێر، باسی لەوە کرد، لە واشنتن لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی پاراستنی ئایینەکان و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆبوونەوەتەوە.
 
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، یەکێک لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکاندا خراوەتە بەرباس، پرسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بووە؛ ''ئەوان زۆر بە گەرمی و گرنگییەوە دەڕواننە ئەو ناوچانە.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ''بەداخەوە ئەوەندەی خەڵک لە دەرەوەی عێراق بە گرنگییەوە دەڕواننە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک، لەنێو عێراق ئەو بایەخەی پێنادرێت.''
 
وەک شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، بەرپرسانی کەرکووک لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیرێکی ئەمریکی کە ساڵی 2019 لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بەڕێوەچووە، باسیان لەوە کردووە ''ماوەی چەند ساڵێکە ناوەندێکی ئەکادیمیی گرنگ لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەمریکی سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکە بۆ کێشەی کەرکووک، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو شارە بە شێوەیەک ئیدارە بکەن کە هیچ لایەنێک تێیدا زەرەرمەند نەبێت و لە وێرانبوونەوە ببێتە ناوەندێکی گرنگی جیهانی.''
 
''ئەمریکا بڕیاری گرنگی لەسەر عێراق، ئێران و ناوچەکە دەبێت''
 
دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆککۆماری ئەمریکا، هەندێک لایەنی شیعەی عێراق نزیک لە ئێران نیگەرانی قووڵبوونەوەی کێشەی نێوان بەغدا و واشنتنن.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی ''بە جدی لەوانەیە سەبارەت بە عێراق، ئێران و ناوچەکە، لە بەردەم کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی ئیدارەی نوێی سەرۆک ترەمپ بین، چ لە رووی ئابوورییەوە و چ لە رووی سیاسییەوە.''
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەرپرسانی ئەمریکی پێیان راگەیاندوون، ''نابێت ئەو بڕیارانەی (لە دژی حکومەتی فیدراڵی) دەدرێن، لە داهاتوودا جێگەی سەرسوڕمان بن، چونکە ئەمە ئامادەکاری بۆ کراوە و چەندینجار لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی باسمان لەوە کردووە هەنگاوەکانمان بەرەو ئەم ئاراستەیەن، بەڵام بەداخەوە ئێوە وەکو حکومەتی فیدراڵی نەتانتوانیوە وەکو خۆی خوێندنەوە بۆ پەیامەکانی ئێمە بکەن و بەدەنگییەوە بێن.''
 
یەکێک لە بڕیارە ئابووری و سیاسییەکانی ئیدارەی نوێی ترەمپ سەبارەت بە عێراق و ئێران پێدەچێت ئەوە بێت کە بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەوە، ''بانکی ناوەندیی عێراق، 5 بانکی ناوخۆیی دیکە لە مامەڵەکردن بە دۆلار قەدەخە دەکات. ئەم هەنگاوەش دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی خەزێنەی ئەمریکا دێت لە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوە و بە قاچاخبردنی دۆلار و پێشێلکارییەکانی دیکە.''

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.