رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، دەستەى دادوەریى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێکھێنا کە لە پێنج دادوەر پێکهاتوون و دووانیان کوردن.
بەگوێرەى نووسراوێک کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە لەبارەى ئەندامانى دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن کە تایبەت دەبن بە چاوخشاندنەوە بە تانە و سکاڵاکانى تایبەت بە ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
ئەندامانى دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن بەگوێرەى ئەو بڕیارە لە پێنج دادوەر پێکهاتوون کە سیانیان بنەڕەتین و دووانیان یەدەگن.
دوو دادوەرى کورد لەو دەستەیەن، رەمەزان حەسەن عەبید، جێگرى سەرۆکى دادگەى تێهەڵچوونەوەى دهۆک، ئەندامى بنەڕەتى ئەو دەستەیە، کامەران حەسەن فەرەج، جێگرى سەرۆکى دادگەى تێهەڵچوونەوەى سلێمانى، ئەندامى یەدەگى ئەو دەستەیە.
ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى لەسەر پێشنیازێکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى هەرێمى کوردستان بووە، کە لە 13ى ئادارى 2024 ئاڕاستەى کردووە.
12ى ئادارى 2024 جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى تاوتوێى نووسراوێکى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانى کردووە، کە هاوپێچ یاداشتێکى روونکردنەوەى لەگەڵدا بووە لەبارەى دیاریکردنى ئەو دەستەى دادوەرییە تایبەتمەندەى، کە تاوتوێى تانەکان دەکات بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
لەسەر بنەماى ئەو نووسراوە ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیاری دا ئەو تانانەى پێشکێش بە کۆمیسیۆن دەکرێت یان زەرەرمەندان لە بڕیارەکانى کۆمیسیۆن پێشکێشى دەکەن، راستەوخۆ رەوانەى دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن بکرێت، کە بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق پێکهێندراوە.
بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کە لە ساڵى 2019 دەرکراوە، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن پێکدەهێنێت، کە لە سێ دادوەر پێکهاتوون بۆ ئەوەى تاوتوێى ئەو تانانە بکەن کە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنەوە رەوانەیان دەکرێن.
3ی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. دوای فەرمانەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ