رووداو - سلێمانی
گوتەبێژی نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆکانی راپەڕین و چەرموو رایانگەیاند، تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی کەسوکاری خوێندکاران پرۆسەی خویندن بایکۆت دەکەن.
هەرمان کامیل، گوتەبێژی نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆی چەرموو بە رووداوی راگەیاند، "وەکو خوێندکارانی زانکۆی چەرموو ناگەڕێینەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن و پرۆسەی خوێندنمان هەڵپەساردووە تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان، ئەوەش بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی کەسوکاری خوێندکارانی زانکۆوە، چونکە خوێندن بە گیرفانی بەتاڵ ناکرێت."
لە کۆی پرۆسەی خوێندنی ئەم ساڵ، بە گوتەی هەرمان کامیل، هیچ دەرماڵەیەکیان وەرنەگرتووە، "ئەگەر ئەوەمان وەربگرتایە تاڕادەیەک باشتربوو، لە کاتێکدا لە هەولێر و دهۆک دابەشکراوە."
هاوکات سەروەر حاجی، نوێنەری خوێندکاران لە زانکۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خوێندکارانی سەرجەم بەشەکانی زانکۆی راپەڕین و کەمپسی قەڵادزە، بڕیاری بایکۆتی دەوامیان داوە."
سەبارەت بە هۆکاری بایکۆتی دەوام، نوێنەری خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین ئەوەی خستەڕوو، "بەهۆی دابەشنەکردنی مووچە دۆخی دارایی خێزانی خوێندکاران زۆر خراپە، خوێندکار هەیە لە دەرەوەی شار هاتووچۆ دەکات، کرێی سێ مانگی هاتووچۆکردن قەرزدارە و بەم دۆخەوە ناتوانن دەوام بکەن."
ئامادەکردنی ئەم هەواڵە: نزار جەزا و ئەبوبەکر ئیسماعیل
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ