وەزارەتی کشتوکاڵ 334 ملیۆن بۆ دەرمانی قڕکردنی سن و کیسەڵە خەرجدەکات

22-04-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن وەزارەتی کشتوکاڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بڕی 334 ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ دابینکردنی دەرمانی قڕکردنی سن و کیسەڵە بۆ جووتیاران خەرجدەکات.
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە پێناو پارێزگاری و پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بڕی 334 ملیۆن و 500 هەزار دنیارمان تەرخانکرد، لەسەر پارەی 2٪ـی بنەتۆی گەنمی جووتیاران بە خۆڕایی بۆ مەبەستی دابینکردنی دەرمانی قڕکەری سن و کیسەڵە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ئەو جۆرە مێرووەی تێدا بڵاوبووەتەوە."
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو بڕە پارەیەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ خەرجیکردووە، بەشێکی بۆ پارێزگای هەولێر بووە و شەش هەزار و 600 لیتر دەرمانی قڕکردنی سن و کیسەڵەیان بەسەر جووتیارانی سنووری پارێزگاکەدا دابەشکردووە کە بایی 100 ملیۆن دینار بووە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر، ئەمساڵ پارێزگای هەولێر بەرهەمی گەنمی دەبێت و "چاوەڕێدەکرێت زۆرترین بەرهەمیش لە سنووری هەریر و باکووری پارێزگای هەولێر بێت، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنەکان ئەمساڵ نیوەی پار گەنم بەرهەمدێت، هۆکارەکەشی وشکەساڵییە".
 
رۆژی 0804-2021 وەزیری كشتوكاڵ ‌و سەرچاوەكانی ئاو ‏99 ملیۆن دیناری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ‏ئافاتی سن ‌و کیسەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابین کرد. رزگار حەمەد خدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی ‏سلێمانی، لە بەرنامەی ‏بەكاتی سلێمانی رادیۆی رووداو رایگەیاند، لە چواچێوەی رووبەڕووبوونەوەی پلانی ‏وشكەساڵیدا وەزارەتی كشتوكاڵ بڕە پارەیەكی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئافاتی سن ‌و ‏کیسەڵە دابینكردووە ‌و گوتی: "لەو بڕە پارەیەی دابینكراوە، 99 ملیۆن دینار بۆ ‏سنووری پارێزگای سلێمانی بووە، كە بەبێ‌ بەرامبەر دەدرێتە جووتیاران".‏
 
پێشبینی دەکرێت بەهۆی کەمبارانییەوە. بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەتوانن دەغڵودانەکەیان بدوورنەوە، بە تایبەتی لە ناوچەی بارانی نامسۆگەر. زێدەباری ئەوەش ئەمساڵ سن و کیسەڵە بە رێژەیەکی بەرچاو لە نێو دەغڵودانی جووتیاران دەبینرێت، کە ئەگەر قەڵاچۆ نەکرێت، زیانێکی زۆری دەبێت.
 
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە وەزارەت لەبارەی وشکەساڵییەوە کۆبوونەوە کرا و راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر ئامادەکرا. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەو راپۆرتە پێشکێش دەکرێت و لەو بڕوایەدام لەم کۆبوونەوەیەدا وشکەساڵیی سەرتاسەری رابگەیێندرێت".
 
لە هەندێک ناوچەی سنووری پارێزگای دهۆک زەنگی مەترسیی وشکەساڵی لێدراوە. پار ئەم کاتانە لە دهۆک 772 ملیمەتر باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ 267 ملیمەتر باریوە.
 
سوبحی قادر، بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی سێمێڵ و پسپۆری کشتوکاڵ بە رادیۆی رووداوی گوت، "لە ناوچەکانی سلێڤانێ و سێمێل وشکەساڵی زیانی بە 70%ی کشتوکاڵ گەیاندووە، بەتایبەتی زیانی بە گەنم گەیاندووە؛ هەروەها ئاوی ژێر زەوی نزیکەی پێنج مەتر دابەزیوە".
 
جووتیار فارسیش کە جووتیارێکی دەڤەری سێمێلە لە پارێزگای دهۆک، دەڵێت "حکومەت هیچ هاوکارییەکی نەکردووین و لە چوار هەزار دۆنمی داچێنراوم بە گەنم، نیوە زیاتری کەڵکی نەماوە؛ نزیکەی یەک ملیار دینار زیان دەکەم".
 
لە ساڵی 2019 و 2020ـدا چاندنی گەنم لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە حەوت ساڵی رابردوو نزیکەی 19% زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆنمی ساڵانە. ساڵی 2020 کە رێژەی بارانبارین بۆ گەنم گونجاو بوو، نزیکەی دوو ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هات.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بۆ 50% کەم دەکات. بەهۆی ئەوەی کە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کەمتر لە 200 ملیمەتر باران باریوە، گەنمی دێمیش پێویستی بە نزیکەی 400 ملیمەتر بارانی ساڵانەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی مافی مرۆڤ: 500 زیندانی چاکسازییەکان سزای لەسێدارەدانیان هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ رایگەیاند، 500 زیندانی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. ''زۆریی سزادراوان، سیستمی چاکسازیی نێو چاکسازییەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.''