رووداو دیجیتاڵ
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت، "بەردەوام هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. سەدان دۆسیە لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندیی رۆژنامەنووسان یەکلایی بوونەتەوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 22-04-2024 لە 126ـەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، دیدارێکی نێودەوڵەتی بۆ کاری رۆژنامەڤانی بەڕێوەچوو. ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا، رەوشی رۆژنامەڤانیی لە هەرێمی کوردستان و عێراقی خستەڕوو.
ئازاد حەمەئەمین رایگەیاند، رەوشی رۆژنامەڤانان لەژێر کاریگەریی یاسا گونجاوەکانی رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان باشە و "تاوەکو ئێستا بە سەدان دۆسیەش لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی رۆژنامەنووسان یەکلایی کراونەتەوە."
نەقیبی رۆژنامەنووسان ئاماژەی بە ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئەو هەموو ژمارە زۆرەی رادیۆ، تەلەڤیزیۆن، رۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان لە رووبەری هەرێمی کوردستاندا سەرسوڕهێنەرە." رەخنەی لە "نەبوونی رێگرییەک" بەتایبەتی لە سۆشیال میدیادا گرت و گوتی، "گوتاری زۆر رەخنەئامێز و دوور لە پرەنسیپی رۆژنامەڤانی و پیشەیی بڵاودەکرێنەوە، ئەمە پێویستی بە چاکسازییە و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی خستووەتە ژێر پرسیارەوە."
لەبارەی یاساکانی رۆژنامەگەری له كوردستان ئاماژەی بەوە دا، "ئەم یاسایانە پڕۆژە و بەرهەمی خەباتی سەندیکای رۆژنامەنووسان بوونە کە بە یەکێک لە بنچینە پڕ شانازییەکانی ژێرخانی یاسایی لە بواری ئازادیی راگەیاندن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنرێن. لە پەرلەمانی عێراق ئەزموونی هەرێمی کوردستان بۆ دەرکردنی یاسای رۆژنامەگەری بەکارهێنراوە."
چوار یاسای پەیوەندار بە کاری رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان هەن، کە ئەوانیش بریتین لە یاسای سهندیكای رۆژنامهنووسانی كوردستان ژمارە 4ی 2004 هەمواری یاسای ژمارە 4ی 1998، یاسای سندووقی خانهنشینی رۆژنامهڤانانی كوردستان ژمارە 13ی ساڵی 2001، یاسای رۆژنامهگهری له كوردستان ژماره (35) ساڵی 2007، یاسای مافی دهستكهوتنی زانیاری له ههرێمی كوردستان ژمارە 11ی 2013.
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "تەنیا بە رێکخستنی پیشەیی رۆژنامەنووسی لەبەر رۆشنایی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەتوانین کاری میدیا لە پڕۆژە سیاسییە گوماناوییەکان جیابکەینەوە."
ئازاد حەمەئەمین گوتی، "هەر بە مەبەستی رێکخستنی پیشەیی، پڕۆژەیەکمان خستووەتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و یەکێک لە خاڵەکانی، دەرکردنی 'یاسای پاراستنی تایبەتمەندی'ـیە کە دەبێتە گەرەنتیی ئەوەی، لە دەرەوەی بەڵێننامەی رۆژنامەنووسی نەتوانرێت دەستوەردان لە ئازادیی تاک بکرێت، یان زانیاریی ناڕاست بڵاوبکرێتەوە و ناوزڕاندن بەرامبەر خەڵک بکرێت."
رەوشی رۆژنامەڤانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی رەوشی رۆژنامەنووسان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، ''بەداخەوە بەردەوام جیاکاری و پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسانی میدیا کوردییەکان کراوە و هەڕەشەیان لێ دەکرێت. دەیان جار نووسراویان گەیاندووەتە شوێنی پەیوەنددار، بەڵام هیچ وەڵامێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە نەدراوەتەوە."
دیدارەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیارە تێیدا چەند پانێڵێکی جیاواز لەسەر رەوشی رۆژنامەڤانی بە چەندین زمان پێشکێش بکرێن.
21ی نیسانی 2021، پەرلەمانی کوردستان پێشنیازە بڕیاری (22ی نیسان) رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی پەسندکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ