رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی شوەیفات لە هەولێرەوە چوونە پێشانگەی زانست و رۆبۆت لە شوەیفاتی سلێمانی و بە پڕۆژەیەکی زانستی بەشدارییان کرد، کە پڕۆژەیەکی رۆبۆتییە و لەلایەن ژمارەیەک قوتابیی قۆناخی 8ی بنەڕەتییەوە دروستکراوە؛ پلانیان هەیە لە داهاتوودا پرۆژەکە زیاتر گەورە بکەن.
بانین ئاودێر، قوتابی دەڵێت، "ئەم پڕۆژەیە رۆبۆتە و لە پرۆگرامینگمان کرد، نووسیمان کە چیمان بۆ بکات، دەتوانین بە رۆبۆت خواردن دروست بکەین، هەموو شتێک بکەین. ئێمە وامان کرد کە یاریی تۆپی سەبەتە بکات."
پێشانگەی زانست و رۆبۆتی شوەیفات لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا 8 قوتابخانە لە هەموو عێراق بەشداربوون، کە نزیک 200 پڕۆژە لە پێشانگەکە نمایش کران، 157 قوتابی لە بەغدا، هەولێر، سلێمانی و دهۆک پڕۆژەکانیان تێدا نمایش کرد.
شا مەریوان، قوتابی ئاماژەی بەوە کرد، "بیرۆکەی پڕۆژەکەمان لە ڤیدیۆیەکەوە وەرگرت، شتمان زۆر بەکارهێناوە تێیدا، تیپ و موقەبا و زۆر شت. کاتێک پانکەکە ئیش دەکات، ماڵەکەمان بۆ رووناک دەکاتەوە."
ئیبراهیم شوان، قوتابی لە بەغدا باسی لە پڕۆژەکەی خۆیان کرد و گوتی، "ئەم ئامێرە بۆ هاوکاریی کەسی نابینایە، کە بەربەستێک بێتە پێشی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات، ئەگەر هیچ بەربەستێک نەبێت، دەنگی نییە. دەتوانین پرۆگرامی بکەین بە چ شێوازێک کار بکات و هاوکاریی نابینایان بکات."
دروستکردنی بناخەیەکی بەهێز بۆ داهاتوو، ئامانج لە کردنەوەی پێشانگە زانستییەکەیە، کە تەنیا ئەم ساڵ دوو جارە بەڕێوەدەچێت، جارێک لە ئاستی شارێک و دووەم جار لە ئاستی عێراق، پلانی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی شوەیفات ئەوەیە، پاڵپشتی پرۆژە نوێ و زانستییەکان بکەن، تاوەکو خەونی قوتابییەکان بکەن بە راستی.
د. بەیاد میرەی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شوەیفاتی سلێمانی دەڵێت، "دەمانەوێت لەم جۆرە چالاکییانەوە نەوەیەکی ساغڵەم دروست ببێت و زیاتر کار بکەن لەسەر زانست و تەکنەلۆجیا."
قوتابخانەی شوەیفاتی نێودەوڵەتی ساڵانە لە رێگەی پێشانگە و چالاکیی جۆراوجۆرەوە هەوڵی دەرخستن و پێشخستنی توانای قوتابییەکانیان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ