رووداو دیجیتاڵ
لایەنە کوردییەکان لەسەر پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش رێکنەکەوتن و بەبێ هیچ هاوپەیمانیێتییەک بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.
دوای سێ جار درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتییەکان، رۆژی 22ـی ئایار کۆتاییهات و حیزبە کوردییەکانیش نەچوونە نێو هیچ لیستێکی هاوبەش.
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی وادەکەوە دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان هیچ هاوپەیمانیێتیەک پێشکەشنەکراوە، لەدوای ئەو وادەیەش پارتەکان دەتوانن بەربژێرەکانیان پێشکێش بکەن."
نەبەرد عومەر دەشڵێت، "لە 25ـی 5 تاوەکو 24ـی 6 لایەنە سیاسییەکان دەتوانن ناوی بەربژێرەکان پێشکێش بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق."
گفتوگۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەبێ ئەنجام کۆتاییان هات.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەوە دەڵێت، "ئەگەر بە یەک لیستیش بەشداری نەکەین کێشە نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە پەرلەمان لە پرسە نەتەوەییەکان یەک بین."
شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی لیستی هاوبەش باس لەوە دەکات، "ئەگەر هەموو هێز و پارتە کوردییەکان پێکەوە بین کاریگەری دەبێت، بەڵام ئەگەر یەک دوو لیست پێکەوە بن، ئەوا پێم وایە لایەنی نەرێنی زیاتر دەبێت."
لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن مەبەستیان بوو ئاراستەی سێیەم و جیاواز لە پارتی و یەکێتی بگرنەبەر، بەڵام خۆشیان پەرش و بڵاوبوون.
سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، "لەسەر پێوەری دابەشکردنی پۆستەکان ناکۆکی دروستبوو، بۆ نموونە سەرۆکی لیستەکە کێ بێت، سەرۆکی بازنەکان لە هەولێر، کەرکووک و سلێمانی کێ بێت، یان گوتەبێژ کێ بێت. لەسەر ئەمانە کێشە دروستبوو."
بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بۆ هەڵبژاردنەکە لە سەرتاسەری عێراق 34 هاوپەیمانی پێکهێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ