ئەو کچەی وێنەی بڵاوکراوەتەوە، کچی جەعفەر شێخ مستەفا نییە

22-06-2021
ئاسۆ سەراوی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو لە سلێمانی رووداوێکی تەقەکردن روویدا، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەی کچێک بڵاوکرایەوە کە گوایە کچی جەعفەر شێخ مستەفایە و ئەو هۆکاری شەڕەکە بووە، بەڵام دایکی ئەو کچە رەتی دەکاتەوە و دەڵێت، کچەکە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانە و "ساڵی رابردوو کاک شێخ جەعفەر بۆ خەڵاتکردن بانگی کردووە".
 
ئەو کچەی کە وابڵاوکرایەوە کچی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێت ناوی کوردستان بەمۆیە و، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بووە و ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە.
 
سەنا سەعید، دایکی کوردستان بەمۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو وێنە زیان لە ئێمە دەدات و پێویستە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاونەکرێتەوە، سکاڵا دژی ئەو کەسە تۆماردەکەین کە یەکەمجار وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە".
 
کوردستان خوێندکاری پەیمانگەی وەرزشییە و لە سلێمانی دەژی. ساڵی رابردوو لە پاڵەوانێتییەکدا مەدالیای زیوی بەدەستهێنا بەو بۆنەیەشەوە وەکو دایکی دەڵێت، "کاک شێخ جەعفەر وەکو سەرۆکی یانەی پێشمەرگە خەڵاتی کردووە".
 
جەعفەر شێخ مستەفا لەبارەی رووداوەکەی شەوی رابردووی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاتێک ئەو شەڕە روویدا ئەو لە سلێمانی نەبووە، "راستە لە رووداوەکەدا کچێکی من لەوێ بووە کە تەنیا خۆی و منداڵێکی ساوای پێبووە، نە پاسەوانی هەیە و نە شۆفێر، بۆ راگەیاندنی هۆکاری شەڕەکە و هەڵگیرسێنەرانیش، پێویستە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەین."
 
نیوەشەوی رابردوو، لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی شەڕەتەقە ‏لەنێوان دوو هێزی ئەمنیدا روویدا و بەهۆیەوە 11 كەس برینداربوون، بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو نێردراون، تەقەكردنەكە نزیكەی 20 خوولەكی خایاندووە.‏
 
هەر ئەمڕۆ مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەكەی 70ـی هێزەكانی یەكێتی بە تۆڕی ‏میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای ‏یەكەكانی 70، كێشەی تەقەكانی شەوی رابردوویان چارەسەر كردووە، ‏گوتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرجەم هێزە ئەمنییەكان ‌و نۆزانی كوڕی كاك شێخ جەعفەر ئامادەبوو، بە رێككەوتن ‌و رەزامەندیی هەموویان ‏كێشەكە چارەسەركرا ‌و لایەنی كەمتەرخەمیش لە رووداوەكەدا رووبەڕووی دادگا ‌و یاسا دەكرێتەوە."
 

کوردستان بەمۆ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتێکی وەرزشیدا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە