سەرۆک بارزانی بۆ گەلی کوردستان: وەک هەمیشە خۆڕاگر بوون، ئێوە نموونەی وەفا و فیداکارین

22-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێک ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "سوپاس، سەرەڕای هەموو گوشارەکان، وەک هەمیشە خۆڕاگر بوون، ئێوە نموونەی وەفا و فیداکارین و شانازیتان پێوە دەکەم."
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025 بارەگای بارزانی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بڵاوکردەوە کە سوپاسی خۆڕاگریی گەلی کوردستانی کردووە.
 
ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی لە کاتێکدایە نزیکەی 80 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە مووچەکەیان راگیراوە، واتە مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانیان وەرنەگرتووە. لە کاتێکدا لە عێراق دەستکراوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز.
 
کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر چین؟ 
 
لەم کاتەدا کێشەی سەرەکیی بەردەم نەناردنی مووچە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە. 
 
حکومەتی فیدراڵ بە بیانووی رادەستنەکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە کە داهاتیان رادەست نەکردبێت. هاوکات بابەتی نەوت گرێ کوێرەیەکی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدایە. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە گفتوگۆی هەولێر و بەغدا، هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە وەک قۆناخی یەکەم رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێت و 120 هەزار بەرمیلەکەی دیکە بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاربهێندرێت، بەڵام بەغدا داوای کردووە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکرێت و کۆمپانیا عێراقییەکە بڕیار بدات کە چەندی لێ هەناردە دەکات و چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ئەوەش سەرەتای جیاوازیی نێوانیان بوو. 
 
بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات بۆ ئەوەی پشکی لەو بودجەیە بنێردرێت.
 
هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان
 
هەرچەندە هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق نزیکبوون لە رێککەوتن بەڵام هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان ئاستەنگی بۆ رێککەوتنەکە دروست کرد. 
 
لە ماوەی نزیکەی 20 رۆژی هێرشە ناوبەناوە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە 280 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 140 تاوەکو 150 هەزار بەرمیل دابەزاند. 
 
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لەگەڵ هێرشەکاندا "بە ناچاری" بەرهەمهێنانیان لە کێڵگە نەوتییەکان راگرت.
 
لەماوەی 18 رۆژی ئەم مانگەدا نزیکەی 20 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان بوون.
 
رێککەوتنی دوای هێرشەکان
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتوون کە 81 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە رادەستی عێراق بکرێت، لەو بڕە 50 هەزاری بۆ نێوخۆ بەکاردەهێندرێت و 31 هەزارەکەی دەدرێتە وەزارەتی نەوتی عێراق."
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو رەزامەندیی عێراق لەسەر ئەو بڕە نەوتە تاوەکو ئەو کاتەیە دۆخی کێڵگە نەوتییەکان ئاسایی دەبێتەوە.
 
دواتر هەردوولا دەگەڕێنەوە سەر دەقی ئەو رێککەوتنەی کە رۆژی 17-07-2025 واژۆ کرا. کە تێیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکات. وەزارەتی دارایی فیدراڵیش پابەند دەبێت بە پێدانی (16)  دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی.
 
هەر بەگوێرەی رێککەوتنەکە، بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مەبەستی بەکاربردنی ناوخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پێدانی تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم بڕە بدات. لە کاتی پێویستبوونی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بڕێک بەرهەمی نەوتی بۆ دابین دەکات کە هاوتای پاڵاوتنی 15 بەرمیل بێت.
 
لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کراوە کە بڕی 120 بۆ هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات.
 
هاوکات تیمێکی کار لە هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت، بەمەبەستی وردبینیکردنی داهاتی نانەوتی و پۆلێنکردنیان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لێی، لە ماوەی مانگێکدا وەک دوا وادە و کاری پێدەکرێت.
 
وەزارەتی دارایی دەستبەجێ دەست دەکات بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران و مانگەکانی دواتر.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.