رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای هاتنی زیارەتکاران رایگەیاند، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی لەگەڵ سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوونەتەوە. گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، "27ـی ئەم مانگە هاتنی زیارەتکاران دەست پێدەکات".
رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرۆکایەتیی لیژنەی باڵای پێشوازیکردن لە زیارەتکاران، خەریکی ئامادەکارین بۆ هاتنی زیارەتکاران، کە لە 27ی ئەم مانگە هاتنیان دەست پێدەکات".
بە گوتەی سیروان حوسێن، لیژنەی پێشوازی لە هەر چوار وێستگەی حاجی ئۆمەران، بازگەی شێراوە، کانی ماران و پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە هاوئاهەنگیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەکارییەکان دەکەن و دەبێت تاوەکو 27ی مانگ تەواو بن. گوتیشی، "ئەم ساڵ چلەی ئیمامی حوسێن دەکەوێتە 14ی ئاب".
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت: "پار لە کاتی چلەی ئیمامی حوسێن، نزیکەی 120 هەزار کەس لە دەروازەکە هاتووچۆیان کردبوو".
ئەمڕۆ لیژنەی باڵای هاتنی زیارەتکاران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازیکردن لە زیارەتکاران، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەی باڵا، سەردانی کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازییان لێ کرا".
لیژنەکە دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکان و پرسی هاتنی زیارەتکارانی ئێران و بیانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و بەشدارییان لە چلەی ئیمام حوسێن، تاوتوێ کرا".
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخێکی زۆری هەیە و پار کەوتە 25ی ئاب.
ئیمامی حوسێن، کوڕی ئیمامی عەلی و سێیەمین ئیمامی شیعەکانە، ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا، شیعەکانی جیهان روو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداریکردن لەو رێوڕەسمانەی لە کەربەلا بەڕێوە دەچن. ساڵانە نزیکەی چوار بۆ پێنج ملیۆن ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی عێراق دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ