سەرۆکی دەزگای زانیاریی یەکێتی: بکوژانی هێزە ئەمنییەکان بە سزای خۆیان دەگەیێندرێن

22-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
ووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری (دەزگای زانیاریی یەکێتی) سەرەخۆشی لە یەکێک لە ئەندامەکانی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەکات، کە لە رووبەرووبوونەوەکەی هوتێل لالەزار لە سلێمانی گیانی لەدەستدا و دەڵێت: "خوێنی هەڤاڵانمان لە هێزە ئەمنییە سەربەرزەکانمان بەفیڕۆ ناڕوات."
 
جەلال شێج ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری (دەزگای زانیاریی یەکێتی) ئەو پەیامەی بەبۆنەی گیانلەدەستدانی ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی، کارمەندی دژە تیرۆر- سلێمانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی: "لە دڵەوە نیگەران و غەمبار بووین بە شەهیدبوونی کاکە ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی پورزامان لە هێزەکانی دژە تیرۆر، کە لەکاتی بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایشی شاری سلێمانی و پاراستنی سەروماڵی خەڵکەکەمان بەدەستی رەشی یاساشکێنان و لادەرەکان شەهید کرا."

 

 
سەرۆکی دەزگای زانیاریی یەکێتی لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت: "بەدڵنییایەوە یاسا سەروەر دەبێت و خوێنی کاکە ئاری و هەڤاڵەکانی لە هێزە ئەمنیە سەربەرزەکانمان، بەفیڕۆ ناڕوات و هەموو ئەوانەی لەپشت شەهیدکردن و هاندانی یاساشکێنی بوون، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوەو بە سزای خۆیان دەگەیێنرێن."
 
لە ئەنجامی شەڕەکەی لالەزار دا سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیان کوژراون، ئەوانیش ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی، کارمەندی دژە تیرۆری سلێمانی، دیار سەردار حەکیم، کارمەندی کۆماندۆ و سەرمەند عەلی، کارمەندی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، 10 کارمەندی دیکەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون. 
 
دژەتیرۆری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی گیانلەدەستدانی ئاری دەڵێت: "شەوی رابردوو لەکاتی سەپاندنی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەیاسا دەرچوو، گیانی سپارد."
 
لەبارەی کوژرانی دیار حەکیمیش، کۆماندۆ دەڵێت: "لە پێناو چەسپاندنی یاسا، ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان وەک ناوەکەی (دیار) رۆحی پیرۆزی کردە دیاری خاک و نیشتمان و ئاسایش و ئارامی."
 
شەوی پێنجشەممە 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کرد و گوتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
 
لە پاش کاژێر 03:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، شەڕ لە لالەزار دەستیپێکرد، دواتر چەند درۆنێکیش لە دەباشان کەوتنە خوارەوە. شەڕەکە بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دوو لە براکانی و ئەندامانی هێزەکەی بەناوی دووپشک کۆتایی هات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.