بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی شەڕەکەی لالەزار دەکرێتەوە

22-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتی بڕیاریداوە قەرەبووی هەموو ئەو کەسانە بکاتەوە لە شەڕەکەی لالەزار زیانیان بەرکەوتووە. 
 
شەڕەکەی لالەزار، جگە لە زیانی گیانی، زیانێکی مادی زۆری بە شوێنە گەشتیارییەکان، خانوو و ئۆتۆمبێلەکانی نزیک لە رووداوەکە گەیاندووە. 
 
میدیای یەکێتی دەڵێت، لەسەر بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووان دەکرێتەوە.
 
لەبارەی زیانە گیانییەکانی شەڕەکە، تاوەکو ئێستا کوژرانی چوار کەس پشتڕاستکراوەتەوە. سێیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن و یەکێکیان پاسەوانێکی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل بووە. 
 
زیانە مادییەکانی شەڕەکە چی بوون؟
 
بەرامبەر هۆتێل لالەزار شوێنێکی گەشتیاری لێیە کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. 
 
شێخ جەلال سەعید، خاوەنی شوێنە گەشتیارییە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە. کۆمەڵێک خێزانی تێدا بوو، ئەوانیش زەرەرمەند بوون لە شەڕەکە.''
 
ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلی گەشتیارانیش کە لە کاتی شەڕەکەدا لەو شوێنە گەشتیارییە بوون، زیانیان بەرکەوتووە. خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکە دەڵێت، ''لە 17 کابینە، پێنجیان گەشتیاریان تێدا بوو. تەنانەت بووک و زاواشی لێبوو و هێزە ئەمنییەکان بۆ دەرچوون هاوکارییان کردن.''
 
هاونیشتمانییەکیش کە دانیشتووی گەڕەکێکی نزیک لە لالەزارە بە رووداوی راگەیاند، ''گوللە هاوەنێک بەر حەوشەی ماڵەکەم کەوت و ئۆتۆمبێلەکەم زیانی بەرکەوت.'' 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ژمارەیەک لە پاسی گەشتیاران کە لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتبوون، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەدا زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام زیانی گیانیان نەبووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.