دەزگای ئاسایش: ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە

22-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی لاهوور جەنگی بورهان و ژمارەیەک چەکداری دیکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی زیاتر لە سێ کاژێریدا لە شاری سلێمانی راگەیاند. بەگوێرەی ئاسایش، لە رووبەڕووبوونەوەکەدا سێ کارمەندیان گیانیان لەدەستداوە و 19ـی دیکەش بریندار بوون.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 22ی ئابی 2024، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی، هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار، شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایش، "ئۆپەراسیۆنەکە" دوای ئەوە هاتووە کە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ "لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەک داواکراوی دیکە" بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە.
 
دەزگای ئاسایش دەڵێت، پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، "هەوڵی زۆر" دراوە بۆ ئەوەی داواکراوان خۆیان بەدەستەوە بدەن، چ لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چ لەڕێگەی بڵندگۆوە، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە و "رایانگەیاندووە کە میلیشیای چەكداریان هەیە و رووبەڕووی هێزی ئاسایش دەبنەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای رەتکردنەوەی خۆبەدەستەوەدان، "داواکراوان دەستیان بە تەقەکردن لە هێزەکانی ئاسایش کردووە و رووبەڕوویان بوونەتەوە. رووبەڕووبوونەوەکە زیاتر لە سێ کاژێری خایاندووە و تێیدا سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان شەهید بوون و 19 کارمەندی دیکەش بریندار بوون."
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە "دۆخی سلێمانی ئارام بووەتەوە و هاووڵاتییان بە ئاسایی لە شەقامەکان هاتووچۆدەکەن."
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە: "ئارامیی سلێمانی هێڵی سوورە و رێگە بە هیچ تاقم و میلیشیا و گرووپێکی لەیاسادەرچوو نادرێت ببێتە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکەمان."
 
نزیکەی کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنیی لە سلێمانی هێرشیان کردەسەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبووەنەوە لاهوور شێخ جەنگی و براکانی دەستگیرکران. 
 
بەهۆی پێکدادانەکانەوە، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە دەزگاکانی دژە تیرۆر، کۆماندۆ و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش کوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون. هەروەها دەنگۆی کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک هەیە، کە سەر بە لاهوور شێخ جەنگی بوون.
 
دەقی راگەیێندراوەکە:
 
راگەیێندراوێك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە
 
لە رووبەڕوونەوەیەكی چەكداریدا كە زیاتر لە سێ كاتژمێری خایاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 22ی ئاب، هێزەكانمان توانییان ئوتێل لالەزار لەگەڕەكی سەرچناری سلێمانی كۆنتڕۆڵ بكەن و هەموو ئەو چەكدارانە دەستگیربكەن كە رووبەڕووی هێزەكانمان بوونەوە.
 
دوای ئەوەی لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشەوە فەرمانی دەستگیركردن بەماددەی (406) لەیاسای سزادانی عێراقی بۆ داواكراو لاهوور جەنگی بورهان و ژمارەیەك داواكراوی دیكە دەرچوو، فەرمانەكە ئاڕاستەی هێزەكانمان كرا، بەڵام دوای هەوڵی زۆری هێزەكانمان بۆ خۆڕادەستبوونی داواكراوان بەیاسا و ئاگاداركردنەوەیان لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ خودی داواكراوان و هەروەها لەڕێگەی بڵندگۆوە بەناونیشانی (هەر كەس خۆی ڕادەست بكات ژیانی پارێزراو دەبێت، دڵنیاتان دەكەینەوە ژیانتان پارێزراوە) بەڵام بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساوە و لەسەر زاری خۆیان رایانگەیاند؛ كە میلیشیای چەكداریان هەیە و رووبەڕووی هێزی ئاسایش دەبنەوە كە هێزێكی فەرمی حكومەتی هەرێمە و بەئەركی خۆیان هەڵدەستن،  ئەوان دەستیانكرد بە تەقەكردن لەهێزەكانمان و ڕووبەڕوویان بوونەوە بۆ ئەوەی رێگربن لە دەستگیركردنی تۆمەتبارانی لالەزار.
 
هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە ئەم پرۆسەیە پاڵپشت بە بڕیاری دادگا هەنگاوەكانی نراوون  لەپێناو جێبەجێكردنی فەرمانی دەستگیركردن كەلەلایەن بەڕێز دادوەر دەرچووێندراوە، تاكو هیچ تاقم و لادەرێك لە یاساوە نەبێت و ئاسایش و ئارامی پارێزراو بێت وەك هەمیشە.
 
هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانیان شوێنی مانەوەی تۆمەتباران و ناوچەكە لە لالەزار بەتەواوەتی لەتۆمەتبارانی دەرچوو لە یاسا و میلیشیا چەكدارەكانیان كە هەر شەوی رابردوو خۆیان رایانگەیاند رووبەڕووی هێزە فەرمییەكانمان دەبنەوە، كۆنترۆڵ بكەن.
 
بەداخەوە لەئەنجامی رووبەڕووبونەوەكان (3) كارمەند لە هێزەئەمنییەكان شەهید بوون و (19) كارمەندی دیكەش بریندار بوون، وێڕای پرسەو وسەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵمان لەهەمان كاتدا هیوای زووچاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.
 
ئێستا دۆخی سلێمانی ئارام بووەتەوە و هاووڵاتییان بە ئاسایی لە شەقامەكان هاتووچۆدەكەن و دڵنیایی دەدەین كە؛ ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە و رێگە بە هیچ تاقم و میلیشیا و گرووپێكی لەیاسا دەرچوو نادرێت كە ببێتە هۆكاری تێكدانی ئاسایشی هەرێمەكەمان و تەواوی تۆمەتبارانی لالەزار بەپێی یاسا دەستگیركران و رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.