رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، نیگەرانیی خۆی لە رووداوەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی سلێمانی دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، "لە کاتێکدا خەڵک چاوەڕێی مووچەیە، زیادکردنی ناسەقامگیریی ئەمنی و رشتنی خوێن، رەوا نییە."
ئەمڕۆ هەینی 22-08-2025 سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی شاری سلێمانی رایگەیاند: "بەداخ و حەسرەتەوە شەوی رابردوو لە سلێمانی بەدیار پێشهاتێکی نەخوازراوی ناخۆشەوە بووین."
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتێکدا هاووڵاتییان چاوەڕوانی مووچەن و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین تەحەدیات بووەتەوە، ناکرێت ناسەقامگیریی ئەمنی بۆ زیاد بکرێت.
سەلاحەدین بەهادین دەڵێت، "لەم کات و ساتەدا کە هاووڵاتییان چاوەڕێی مووچە و سەقامگیریی بژێوی بوون و میللەتەکەمان لەبەردەم چەندین تەحەدیاتە، کەی رەوایە ناسەقامگیریی ئەمنی بۆ زیاد بکرێ و خوێنی رۆڵەی میلەتەکەمان بڕژێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا و وەک چارەسەرێک، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان داوای کرد کە "بۆ چارەسەری کێشەکان پەنا بۆ یاسا و دادگا ببرێت."
شەوی پێنجشەممە 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کرد و گوتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
لە پاش کاژێر 03:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، هێرشی هێزە ئەمنییەکا لە لالەزار دەستیپێکرد، دواتر چەند درۆنێکیش لە دەباشان کەوتنە خوارەوە. شەڕەکە بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و براکانی کۆتایی هات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو لە رووبەڕووبوونەوەکەدا 3 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ کوژران، هەروەها باس لە کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی بە ناوی هێزی دووپشک دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ